شارەزایەك: گەندەڵییەكی زۆر لە كەرتی نەوت هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت

:: PM:09:51:16/10/2025 ‌

لە ماوەی دوایی و لە میانی ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە میسر بۆ واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە غەزە، ئەو باسی نەوتی عێراقی كرد و گوتی، عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام ئەگەر نەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بە شێوەیەكی دروست ئیدارەی ئەو سامانە نەدەن، تووشی كێشە دەبنەوە، شارەزایەك وریایی لەوبارەوە دەدات.

ساڵح رەشید شارەزای دارایی و ئابووری ئاماژە بۆ وریاكردنەوەكەی سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی نەوتی عێراق دەكات بەوەی چەند راستییەكی گرنگی ئاشكرا كرد و پێویستە بەغدا رەچاویان بكات، پێویستە ستراتیحیەتێكی فرەوانی نیشتمانی بۆ سوودبینین لە سامانی نەوت و بەهێزكردنی ئابووریی نیشتمانی دابنرێت.

روونی كردەوە، گەندەڵییەكی زۆر هەیە و چەند لایەنێك لە دزین و تاڵانی سامانی گشتی تێوەگلاون، وای كردووە بەشێكی زۆری ئەو سامانە بچێتە گیرفانی حزبەكان و باڵە ئابوورییەكانیان لە بری بەهێزكردنی ئابووریی و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بۆیە ئەگەر ئیدارەدانی ئابووری بەو رێگە بێ بوونی ستراتیجیەتێكی نیشتمانی بەردەوام بێت، عێراق دەكەوێتە بەردەم كێشە و ئاڵنگاریی گەورە، بەتایبەتی لەگەڵ هەر هەژانێكی بازاڕی نەوت، گوشاری سەر بودجەكەی زیاتر دەبێت و كار لە دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی بەكارخستن دەكات.

چاودێران پێیان وایە وریاكردنەوەكەی ئەمەریكا تەنیا پێوەندیی بە نەوت وەك كاڵایەك نییە، بەڵكو وەك ئامرازێكە بۆ پێوانەكردنی دەسەڵاتی واشنتن و پەكین لە عێراق، لەوكاتەی كۆمپانیا چینییەكان لە باشوور بوونیان فرەوانتر دەكەن، ئیدارەی ئەمەریكا كار بۆ دانانی یاسایەكی نوێ بۆ یارییەكان دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ئەوەی ئیدارەی نەوت بە باشی نەدات، رووبەڕووی ئەو كێشە دەبێتەوە كە ترەمپ باسی كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل