عێراقییەکان سێیەم کڕیاری موڵک لە تورکیان

:: PM:04:28:18/10/2025 ‌
فەرمانگەی ئاماری تورکیا بڵاوی کردەوە عێراقییەکان لەچاو وڵاتانی تری دنیا لە کڕینی موڵک لە تورکیا لە ریزبەندیی سێیەمدان.

ئەو ریزبەندییە نوێیە هی مانگی ئەیلولی رابردووە و لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی پێشتر عێراق لە ریزبەندیی پێنجەم وڵاتی دنیادا دەهات.

بەپێی ئامارەکە فرۆشتنی موڵک لە تورکیا لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 6.9% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 150 هەزار و 657 حاڵەت.

دامەزراوەکە روونی کردووەتەوە کە فرۆشتنی موڵک بە هاووڵاتییانی بیانی لەچاو هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 7.7% کەمی کردووە و گەیشتووەتە هەزار و 867 حاڵەت.

رووسەکان بە کڕینی 267 خانوو و موڵک  لە ریزبەندیی یەکەم و ئێرانییەکان بە کڕینی 202 موڵک لە ریزبەندیی دووەم و عێراقییەکان بە کڕینی 146 خانوو و موڵک لە ریزبەندی سێیەمدا دێن

عێراقییەکان هەر لە ساڵی 2015ەوە لە کڕیارە سەرەکییەکانی موڵک لە تورکیا بوون و تەنانەت زۆر جار لە ریزبەندیی دووەمدا ناویان هاتووە. لە ئامارەکەدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هەن بەڵام ئەمە روون نەکراوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان