تمه‌نی ئێران له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و سزایانه‌ی له كۆتایی مانگی رابردووه‌وه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنرانه‌وه، به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و نرخی هه‌ر دۆلارێك گه‌یشته 118 هه‌زار و 100 تمه‌ن، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه به‌هاكه‌ی رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه و به‌شێك له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی قه‌ره‌بوو كردووه‌ته‌وه.
ئێسته هه‌ر دۆلارێك به 108 هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، 10 هه‌زار تمه‌ن به‌هاكه‌ی زیادی كردووه، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه ئایا تمه‌ن ده‌توانێت پاشه‌كشه‌ی مانگه‌كانی رابردووشی قه‌ره‌بوو بكاته‌وه یان ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی به‌هایه‌ی كاتییه و دووباره ده‌شكێته‌وه.
سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوولی رابردوو، به‌های دۆلار كه له سه‌رووی 102 هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرا، به‌هۆی رێككه‌وتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، نزیكه‌ی 5% له نرخی تمه‌ن به‌رز بووبووه‌وه و گه‌یشتبووه 98 هه‌زار تمه‌ن.
له كۆتایی مانگه‌كه كاتێك رێكاری سناپ به‌ك/په‌له‌پیتكه‌ی ناو رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی چالاك كرا و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به فه‌رمی لیستی سزاكان له دژی ئێرانی بڵاو كرده‌وه، نرخه‌كه‌ی به خێرایی دابه‌زی و له ماوه‌یه‌كی كورتدا تمه‌ن سه‌رووی 20% به‌های خۆی به‌رانبه‌ر دۆلار له ده‌ست دا.
به‌های تمه‌ن له چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ی رابردوو له كاتێكدا به‌رز بووه‌ته‌وه، كه هیچ رووداوێكی گرنگ رووی نه‌داوه بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریی ئێران به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن بڕوات، به‌ڵكو پرسه‌كه پێوه‌ندیی به بازاڕه‌كانی ئێران هه‌یه.
حكوومه‌تی ئێران له ساڵانی رابردوودا له‌و كاتانه‌ی كه گوشارێكی زۆری دارایی و سزای ئه‌مه‌ریكای له‌سه‌ر بووه، هانای بۆ به‌شێك له دراوی یه‌ده‌گ و سه‌رچاوه‌ی دارایی خۆی بردووه و له رێگه‌ی بانكی ناوه‌ندییه‌وه، هه‌وڵی داوه بڕه دۆلارێكی زیاتر بخاته بازاڕه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێش به داڕمانی دراوی فه‌رمی بگرێت.
ئه‌م جاره‌ش هه‌مان سیاسه‌تی گرتووه‌ته‌به‌ر كه له رووی ئابوورییه‌وه، ده‌كرێت هه‌نگاوێكی كاتی بێت و زۆربه‌ی چاودێرانی ئابووری پێشبینی ده‌كه‌ن له داهاتوودا به‌های تمه‌ن دابه‌زێت.
سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كین له‌وه‌ی ئێران به ئاسانی ده‌ستی به دراوی بیانی نه‌گات، جگه له‌مه ئه‌و نه‌وته‌ی كه به قاچاخ هه‌نارده‌ی ده‌كات، به كاش پاره‌كه‌ی ده‌ست ناكه‌وێت، رێڕه‌وه بازرگانییه‌كانی له سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان له ژێر هه‌ژموونی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندایه و ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌رییان هه‌یه له به‌هێزكردنی ئابووری و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دراوی نیشتمانی، زۆر له‌و هۆكارانه لاوازترن رۆڵیان له پاشه‌كشه‌پێكردنی ئابووری و بێكاری و هه‌ژاری و دابه‌زینی داهات هه‌یه.
له ساڵانی رابردوودا ئه‌و جۆره هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ی به‌های تمه‌ن به‌رده‌وام دووباره بووه‌ته‌وه. بۆ نموونه ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر نرخی هه‌ر دۆلارێك 55 هه‌زار تمه‌ن بوو، به‌هۆی هه‌ندێك رووداوی سیاسی نرخه‌كه‌ی گه‌یشته 70 هه‌زار، دواتر دیسان گه‌ڕایه‌وه 59 هه‌زار، ئه‌مجاره شكا به‌ره‌و 80 هه‌زار تمه‌ن رۆی و چه‌ند جارێك گه‌ڕایه‌وه 70 هه‌زار، له میانه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل گه‌یشته 95 هه‌زار تمه‌ن و دوای جه‌نگ گه‌ڕایه‌وه 85 هه‌زار تمه‌ن، رووداوه‌كانی دواتر و سه‌پاندنی سزاكان له كۆتایی مانگی رابردوو، گه‌یاندیه 118 هه‌زار تمه‌ن و ئێسته‌یش بۆ 108 هه‌زار تمه‌ن گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بۆیه‌ش پێشبینی داهاتوو بۆ تمه‌ن ئه‌وه‌یه جارێكی تر ده‌شكێته‌وه و دراوی ئه‌و وڵاته ناتوانێت به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو گوشار و قه‌یرانانه پارێزگاری له به‌های خۆی بكات.