شاندێكی توركیا لەبارەی نەوت و ئاوەوە سەردانی عێراق دەكات

:: PM:05:03:19/10/2025 ‌

عێراق و توركیا جیا لە پێوەندیی بازرگانی و ئابووری و تەناهی، دوو پرسی گرنگی تریان لە نێوان هەیە كە بینە و بەردەی لەسەر دەكەن، ئەوانیش كێشەی ئاو و نەوتە، توركیا دەیەوێ بگات بە رێككەوتنێكی تێكهەڵكێش لەبارەی هەردووكیانەوە، دۆسیەی ئاو بكاتە گەرەنتیكار بیبەستێتەوە بە دۆسیەی نەوت، بڕیارە بەمنزیكانە شاندێكی توركی بۆ ئەو دوو بابەتە سەردانی بەغدا بكات.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە بڕیارە بەمنیزیكانە شاندێكی حكوومەتی توركیا، كە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتە پێك هاتووە، سەردانی بەغدا بكات بۆ باسكردنی هەردوو بابەتی ئاو و هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئەوان دەیانەوێ بگەن بە رێككەوتن لەسەر رەشنووسێكی یاسایی كە مافی هەردوولا بپارێزێت، بەتایبەتی لەبارەی ئاوەوە.

شاندەكە جیا لە بارەی دۆسیەی ئاو، باسی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، رێككەوتنی هەناردنی نەوت و زیادكردنی قەبارەی هەناردن و پرسی تریش.

شایەنی باسە لە دوای دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا لە 27ی مانگی ئەیلوولی رابردوو، بڕیار بوو شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت سەردانی توركیا بكات بۆ رێككەوتن لەبارەی قەبارەی هەناردن و رێككەوتنێكی نوێی بۆری گواستنەوەی نەوت لە رێگەی توركیا كە لە 2026 كۆتایی دێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل