لە ئەمڕۆوە نرخی بەنزین هەرزان دەبێت و قەرەباڵغی نۆرەی بەنزینیش كەم دەبێتەوە. ژمارەی بەنزینخانە پاڵپشتیكراوەكانی حكوومەت زیاد دەكرێن.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نرخی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووبووەوە، ئەمەش وایكرد قەرەباڵغییەكی زۆر لەو بەنزینخانانەی حكوومەت بەنرخی 750 دینار دەیداتە شۆفێر دروست بێت.
سالار محەمەد لێپرسراوی بەشی پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، بە"وشە"ی گوت، لەمڕۆ سێشەمەوە 21ی تشرینی یەكەم، بڕی بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكوومەت زیاد دەكەن.
سالار باسی لەوە كرد، پێشتر 520 هەزار لیتر دابەش دەكرا، لە ئەمڕۆ سێشەمەوە بڕەكە زیاتر دەكەن و زیاتر لە یەك ملیۆن لیتر بەنزین و بەسەر 30 بەنزینخانەدا دابەش دەكەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لەمڕۆوە بەهۆی زۆریی بەنزینی حكوومەت و زیادكردنی بەنزینخانەكان، چیتر قەرەباڵغی نامێنێت و بەنزینیش نرخەكەی لە تەواوی شاردا دادەبەزێت.
پێشتر بەنزین نرخی لە بەنزینخانەكاندا 820 دینار بوو، بەڵام لەم چەند رۆژەدا گەیشتە 950 دینار، بەگوتەی سالار محەمەد لەمڕۆوە نرخەكە دێتەوە نرخی پێشوو.
بەهۆی زۆریی ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی بەردەوام، بەنزین پێداویستییەكی رۆژانەی هاووڵاتییانە لە هەرێمی كوردستانە، هەركات نرخەكەی بەرز بێتەوە كاریگەری لەسەر دارایی خەڵكی هەرێم بەگشتی دروست دەكات، حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بكات، رۆژانە لە شار و شارۆچكەكان بەنرخی پاڵپشتیكراو 750 دینار دەیداتە شۆفێران.
بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەو بڕەی حكوومەت دەیدات، رێژەكەی كەمی كردبوو، ئەوەش نۆرەیەكی درێژی لە بەنزینخانەكان دروست كردبوو.