رێباز حەملان رای گەیاند، سوودانی بەڵێنی داوە هەموو مووچەكانی ئەمساڵ خەرج بكرێت و راشی گەیاند، حكوومەتی هەرێم ئەوەی ئەركی خۆیەتی بەزیادەوە بەرانبەر بەغدا جێبەجێ كردووە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی هەشت خەرج نەكراوە.
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی ڕای گەیاند: "دوای هەناردەكردنەوەی نەوت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت كە ئێمە هەموو ئیلتیزاماتەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە، بە مافی خۆمان دەزانین هەموو مووچەكانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان كە ماوەتەوە بۆمان خەرج بكرێت. سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە كە عێراقیش پابەندی ڕێككەوتن بێت.
ڕێباز حەملان گوتی، دەبینین هێشتا مووچەی مانگی هەشت خەرج نەكراوە، چونكە دەمانەوێ پێش هەڵبژاردن دوو مووچە لە كوردستان دابەش بكرێت. هیچ بیانوویەكیش نییە بۆ نەناردنی مووچە، پارەش هەیە و تەنیا لقی بانكی ناوەندیی عێراق لە هەولێر بایی سێ مووچە پارەی تێدایە."
باسی لەوەش كرد، ئێستە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ هەناردە كراوە بە نرخی برێنت دەفرۆشرێت، بابەتی لیستی مووچە نێردراوە، دوو ڕۆژ لەمەوپێش 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوەندی لە هەولێر بەشێوەیەكی كاش، هەموو ئەو ئیلتیزاماتانەی كە لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەرانبەر بەغدا جێبەجێ كراوە، ماوەتەوە بەغدا ئیلتیزامی خۆی جێبەجێ بكات.
رێباز حەملان ئەوەشی گوت، دوو هەفتە لەمەوپێش سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو كە مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، ڕەنگە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت بكەوێتە هەفتەی داهاتووەوە."
ڕێباز حەملان ڕاشی گەیاند، هەندێك قسەوباس هەیە گوایە كێشەی دارایی هەیە، ئەگەر وایە بۆچی دەستیان كردووە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 فەرمانبەرانی خۆیان كردووە، هەموو مووچەی هەرێمی كوردستان بارتەقای تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نابێت.