لەو گەشتە ئاسیاییەی كە سەرۆكی ئەمەریكا لەم هەفتەیەدا ئەنجامی دەدات، دەیەوێ لە كۆریای باشوور چاوی بە سەرۆكی چین بكەوێت و دەستەوارەیەكی كاتی لەگەڵدا ئەنجام بدات. مەبەستیش خاوكردنەوەی ئەو شەڕە ئابوورییەی لە نێوان ئەمەریكا و چین دروست بووە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 25ی تشرینی یەكەم، لە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەو گەشتەی كە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ وڵاتانی ئاسیایی ئەنجامی بدات، مالیزیا، ژاپۆن و كۆریای باشوور دەگرێتەوە، ئەویش ئامادەبوونی سەرۆكی ئەمەریكا لە لووتكەی یەكگرتنی وڵاتانی باشووری ئاسیا "ئاسیان" كە لە مالیزیا بەڕێوە دەچێت و ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت.
ئاژانسەكە باسی لەوە كردووە كە بڕیارە لەو لووتكەیە، ترەمپ چاوی بە شی جین بینگ سەرۆكی چین بكەوێ و كۆبونەوەی لەگەڵدا بكات، مەبەستیش هەوڵدانە بۆ خاوكردنەوەی ئەو شەڕە ئابوورییەی لە نێوان ئەمەریكا و چین دروست بووە لە رێگەیەوە هەردوو سەرۆك بگەنە دەستەوارەیەكی كاتی، لەوەشدا كەمكرنەوەی سنوورداری رسووماتی گومرگی و لەگەڵیدا كڕینی بەرهەمە ئەمەریكاییەكان، لەناویاندا كڕینی فڕۆكەی "بوینگ".
"رۆیتەرز" لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە كە گوتوویانە، كۆشكی سپی پێی وا نییە لە كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و شی، شتی زۆر گەورە بكرێت، بەڵكو مەبەست لێی ئیدارەدانی ئەو كێشانەیە كە لە نێوان هەردوو وڵات دروست بووە، هاوكات رێگە لەوە بگیرێت دۆخەكە بگاتە جەنگی گەورەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات.
لە راپۆرتی ئاژانسەكە ئاماژە بەوە دراوە كە لە دیدارەی ترەمپ و شیدا، بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی تایوان و هەروەها پرسی جیمی لای رۆژنامەنووسی تایوانی بكرێت كە لە هۆنگ كۆنگ گیراوە.