هه‌فته‌یه‌كی تری بازاڕی بۆرسه داخرا، به‌ڵام بۆرسه‌ی زێڕ به ره‌نگی سوور داخرا و به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له نرخه‌كه‌ی دابه‌زی، ئه‌مه له كاتێكدایه نۆ هه‌فته‌ی له دوای یه‌ك بوو ههفتهبازاڕهكهی به ره‌نگی سه‌وز داده‌خرا و هیچ هه‌فته‌یه‌ك نه‌بووه بڕێك له نرخی زێڕ به‌رز نه‌بووبێته‌وه.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به چوار هه‌زار و 111 دۆلار داخراوه، له كاتێكدا له سه‌ره‌تای هه‌فته‌كه‌دا نرخه‌كه‌ی چوار هه‌زار و 374 دۆلار بوو، به‌و پێیه 262 دۆلار له نرخی هه‌ر ئۆنسێكی كه‌می كردووه. نرخی زێڕ له ماوه‌ی نۆ هه‌فته پێشتر هه‌زار دۆلار گرانتر بووبوو. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، بریتی بووه له چوار هه‌زار و 380 دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسێك.
هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ر له ده‌ستپێكی ههفتهكهوه، بازاڕی زێڕ جگه له‌وه‌ی كه به‌هاكه‌ی دابه‌زیوه، له هه‌مان كاتدا رۆژانه له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زینێكی زۆریشدا بوو.
كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن كه وایانكردووه بازاڕه‌كه به‌م شێوازه ناسه‌قامگیر بێت كه گرنگترینیان پێوه‌ندیی به رووداوه سیاسییه‌كان له‌لایه‌ك، ئه‌و ململانێیه ئابووری و بازرگانییه‌وه هه‌یه كه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین له ئادارا بووه. هه‌ندێك جار هه‌واڵی خۆش له‌باره‌ی ئه‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ده‌چن كه كاریگه‌رن له نزمكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، هه‌ندێك جاریش له‌پڕ باس له‌وه ده‌كرێ ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر سه‌پاندنی باجی 100%ی به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی چین، له‌و كاته‌شدا ترس و دڵه‌ڕاوكێ له خستنه‌ڕووی كانزا گرانبه‌هاكان له بازاڕه‌كان دێته كایه‌وه و ده‌بێته هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ.
هۆكارێكی تر پێوه‌ندیداره به پرسی سوودی بانكی لای بانكه ناوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر بێ بودجه‌یی داخراوه، بانكی ناوه‌ندیی وڵاته‌كه راگه‌یاندنی بڕیاری نوێ له‌باره‌ی رێژه‌ی سوودی بانكی دوا خستووه.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا دابه‌زاندنی رێژه‌ی 0.25% له سوودی بانكی هۆكار بوو له‌وه‌ی نرخی زێڕ زیاتر به‌رز ببێته‌وه، ئێسته‌یش زیاتر ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه كه بانكه‌كه رێژه‌كه زیاتر دابه‌زێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ندێك بانكی ناوه‌ندیی وڵاتانی تر، به پێچه‌وانه‌وه رێژه‌ی سوودی بانكییان به‌رز كردووه‌ته‌وه كه كاریگه‌ره له دابه‌زاندنی به‌های زێڕ.
شه‌ڕ و ململانێ و جه‌نگ و ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌رن له ناسه‌قامگیریی بازاره‌كان ده‌بنه هۆی به‌رز كردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، راگه‌یاندنی ئاشتی و كۆتاهێنان به جه‌نگ و ناكۆكییه‌كان راسته‌وخۆ كاریگه‌رن له‌وه‌ی بازاڕه‌كان هه‌ست به دڵنیایی زیاتر بكه‌ن و وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌متر روو له كڕینی زێڕ بكه‌ن كه له‌و كاته‌دا نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 848 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 727 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 969 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت و هه‌ر 100 دۆلاریش به 141 هه‌زار و 200 دینار ده‌ستنیشان كراوه.