توركیا چاوی لە سلێمانییە و شاندێكی بازرگانی ناردە شارەكە

:: PM:01:21:27/10/2025 ‌
شاندێكی بازرگانی توركیا و باكوری كوردستان لە سلێمانین و بەهیوان لە شارەكە  چەندان پڕۆژەی وەبەرهێنانیان هەبێت، ئەمەش دوای ئەوە هات كە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی توركیا كێشەی فڕۆكەخانەی شارەكەی چارەسەر كرد.

 نۆی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبووەوە و داوای لێ كرد گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگرێ، ئەویش رەزامەندیی پێشان دا.

دوای ئەوە پێوەندییەكانی سلێمانی توركیا ئاسایی بووەوە و بازرگانانی ئەو وڵاتە چاویان لەوەیە لە سنووری شارەكە كار بكەن.  

ئێستە شاندێكی ژووری بازرگانیی توركیا و باكوری كوردستان كە نوێنەرانی 11 كۆمپانیای لەخۆ گرتووە، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان كرد و كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، پێیان باشە لەمەودوا پرۆژە و كارەكانیان لەو سنوورە دەست پێ بكەن.

لەمبارەیەوە نەواف كڵچ سەرۆكی كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنكارانی نێودەوڵەتی لە توركیا كە سەرپەرشتیی شاندەكە دەكات، لە كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەكەدا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەكەیان كرد و رای گەیاند: ''دەمانەوێ لە سلێمانی  وەبەرهێنان بكەین و ژمارەیەك كارگە بكەینەوە.''
 
نەواف كڵچ رای گەیاند، ئەوان خوازیارن پێوەندییە بازرگانییەكانی پارێزگای سلێمانی و توركیا پتەوتر ببن و گوتیشی، لە بوارەكانی وەك كەرتی گەشتیاری و كشتوڵدا وەبەرهێنان دەكەین.''
 
دەمێك بوو بە هۆی سزاكانی توركیا بۆ سەر سنووری سلێمانی، پێوەندی بازرگانی  ئەو شارە و توركیا وەستابوو، یەكێكیش لە سزاكانی توركیا هیچ گەشتێكی ئەو وڵاتە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجام نەدەدا.

 لەم ساڵانەدا حكوومەتی هەرێم هەوڵی دا ئەو پێوەندییە دروست بكرێتەوە، بەڵام توركیا بەبیانووی پەكەكە رژد بوو لەسەر  ئەوەی هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی نەبێت.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رای گەیاند، كۆمپانیا بەشدارەكانی كۆماری توركیا  لە بوارەكانی:- - پیشەسازی پاڵاوگە ،بیناسازی و هەناردە كردن، پیشەسازی چەرم، بەرهەمەكانی گەرم كەرەوە و فێنك كەرەوە، پێداویستیەكانی مەلەوانگە ، رستن و چنین، كشتوكاڵی و پێداویستی خانوی پلاستیكی، خۆراك و خواردنەوە خازیەكان، بەرهەمی پاكەرەوەكان، كاری دەستی ، پێداویستی جوانكاری، مۆبیلیات و دروستكردنی بۆیاخ بۆكار هاتوونەتە شارەكە.



وشە - سۆران عەزیز