ئێران له‌و وڵاتانه‌یه كه زۆربه ئۆتۆمبێله‌كانی له ناوخۆ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، هه‌رچه‌نده كوالێتییان نزمه، به‌ڵام به‌و باجه زۆره‌ی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی ده‌ره‌وه‌ی سه‌پاندووه، وایكردووه خه‌ڵك توانای كڕینی ئۆتۆمبێلی وڵاتانی تریان نه‌بێت و ژماره‌یه‌كی كه‌م به‌كاری بهێنن.
ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جۆر ئۆتۆمبێلی گرانبه‌های وه‌ك پۆرشه و لامبورگینی له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زۆر به‌رچاو بكه‌ون، ئه‌وا له ئێران ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش به ئاسانی ده‌ستیان پێی ناگات.
به‌پێی ئامارێك كه وه‌زیری كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له هه‌موو ئێران‌دا ته‌نیا چوار كه‌س ئۆتۆمبێلی لامبورگینیان هه‌یه.
ئه‌حمه‌د میده‌ری ئه‌مڕۆ سێشه‌م له په‌رله‌مانی ئێران رای گه‌یاند، له هه‌موو وڵاته‌كه 181 كه‌س ئۆتۆمبێلی مازراتی، سێ هه‌زار و 600 كه‌س پۆرشه و 10 هه‌زار كه‌س له‌ندرۆڤێریان هه‌یه.
ئێران به‌هۆی ئه‌و سزا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراون و به‌هۆی ناكارامه‌یی حكوومه‌ته‌كه‌ی، نه‌یتوانیوه گه‌شه به ئۆتۆمبێله‌كانی خۆی بدات، له كاتێكدا نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانی ئێران ركابه‌ریی ئه‌ڵمانیایان ده‌كرد.