گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی رای گەیاند، بەهۆی زیادكردنی هەناردەی نەوت و زیادكردنی بەشی پاڵاوگەكان، نرخی بەنزین بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات.
رامیار ڕزگار گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی رای گەیاند، بەشی ناوخۆی هەرێم بەزیادەوە هەیە و هیچ قەیرانێكی بەنزین یان سووتەمەنی لە كوردستاندا نییە، چاوەڕێ دەكەین بەهۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتەوە، نرخی سووتەمەنی دابەزێت.
پێش هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، ڕۆژانە 65 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەپاڵێورا، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بڕی تەنیا 46 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم دیاری بكرێت، دواتر هەردوولا لەسەر بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت ڕێككەوتن، ئەوەش لە كاتێكدایە وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور ڕۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.
لەمبارەیەوە كەمال محەمەد ئاشكرای كردووە، "لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت باس لەوە كراوە، ئەگەر بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بەشی پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی نەكرد، ئەوا حكوومەتی فیدراڵ قەرەبووی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێم دەكاتەوە و سووتەمەنی دابین دەكات، بەڵام تا ئێستە ئەوەی نەكردووە".
بەگوتەی كەمال محەمەد، "لەو بڕە نەوتەی كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی گل دەدرێتەوە، ڕۆژانە ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت كە بەنرخی پاڵپشتیكراو بە 750 دینار بەسەر بەنزینخانەكاندا دابەشی دەكەین، بەڵام ئەو بڕە لە پێداویستیی ناوخۆیی كەمترە.
بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزینی بەرهەمهێنراو بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت، پارێزگای دهۆك: 380 هەزار لیتر، پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە: 500 هەزار لیتر، پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 620 هەزار لیتر.
سەلام عومەر گوتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانی رای گەیاند، "بەنزینی حكوومی نرخەكەی گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و وەك خۆیەتی، بەنزینی بازرگانی پێوەندیی هەیە بە خواست و بۆرسەی جیهانییەوە".
گوتیشی، "ئەو پشكانەی بەر پارێزگاكان دەكەون، جێگیر نین و مانگ بۆ مانگ دەگۆڕێت و لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بە پێی توانا دەنێردرێت، تا ئێستە بەشی ناوخۆ هەیە و قەیران رووی نەداوە".