هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە لەم مانگەدا بەغدا دوو مووچە بنێرێت

:: AM:09:28:01/11/2025 ‌
بەپێی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم، لەم هەفتەدا دەبێت مووچەی مانگی نۆ لە بەغداوە بنێردرێت، 120 ملیارەكە ئامادەیە و بەمزووانە دێتە ناردن.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "پێش هەڵبژاردن میزان موراجەعە و 120 ملیاری داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێن.

گوتیشی، هەموو هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە تا پێش هەڵبژاردن مووچەی مانگی نۆ دابەش بكرێت.

حكوومەتی هەرێم چاوەڕێیە لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەمی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نۆ بدات.

بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فشارێكی زۆر خراوەتە سەر حكوومەتی فیدراڵی، كە دەبێت عێراق پابەندیی خۆی جێبەجێ بكات، چیتر كێشەیەك بەناوی مووچەوە لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت.

حكوومەتی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ دەكات بە ئامانجی دابینكردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران پێش وادەی هەڵبژاردن. گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، بەفەرمانی مەسروور بارزانی هیچ بیانوویەك بۆ بەغدا ناهێڵنەوە.

هەوڵە چڕەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە كە لە مانگی 11ـدا دوو مووچە بنێردرێن، مووچەی مانگی نۆ لە سەرەتای مانگ و پێش هەڵبژاردن و مووچەی مانگی 10 لە كۆتایی مانگ.



وشە - سۆران عەزیز