بڕیار لەبارەی كەمكردنەوەی بەشەخۆراك دەدرێت

:: AM:09:21:03/11/2025 ‌
بە بڕیارێك بڕی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە عێراق بۆ ئەمساڵ كەم دەكرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی خۆراك لە هەرێمی كوردستانیش، نیگەرانی دەردەبڕن و باس لە كێشەی كەمیی كۆگەی هەڵگرتن دەكەن.

لوما هاشم مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراكی عێراق ڕای گەیاندووە، بەگوێرەی بەرنامەی حكوومەتی عێراق، تەنیا هەشت بەشەخۆراك لەمساڵدا دابەش دەكرێن، ئێستە لە قۆناغی دابەشكردنی بەشی حەوتەمن و بڕیارە لە داهاتوودا بەشی هەشتەمیش دابەش بكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستە لە كۆگەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا بەشی سێ مانگ بەشەخۆراك هەڵگیراوە.

لەلایەكی ترەوە دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بازرگانی و كەلوپەلی خۆراك لە هەولێر ڕای گەیاند،هیچ نووسراوێكی فەرمییان لەبارەی بڕیاری دابەشكردنی تەنیا هەشت بەشەوە پێ نەگەیشتووە.

هەجەر تاهیر عەلی بەڕێوەبەری بازرگانی و كەلوپەلی خۆراكی دهۆك، ئاماژەی بە پێشكەوتنی دابەشكردن كرد و هاوكات باسی لە گەورەترین ئاستەنگی بەردەمیان كرد و گوتی، تا ئێستە شەش بەشەخۆراك بە تەواوی دابەش كراوە و 60%ـی بەشی حەوتەمیش كۆتایی هاتووە.

كۆگەكانی دهۆك تەنیا 12 دانەن، لە كاتێكدا ئەو خۆراكەی مانگانە (نزیكەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن) دەگاتە پارێزگاكە، لە توانای هەڵگرتنی كۆگەكان زیاترە، سەرەڕای داواكاریی چەندبارە لە بەغدا بۆ دروستكردنی كۆگەی نوێ.

پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ، هەشت بەشەخۆراك دابەش بكرێت، وەك لەلایەن بەغداوە بڕیاری لێ دراوە.

شایانی باسە بەهۆی بەئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، سەتان هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی كوردستان بەشەخۆراكیان بڕاوە.



وشە - سۆران عەزیز