هه‌شت وڵاتی ئۆپیك پڵه‌س له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن هه‌نارده‌ی نه‌وت 137 هه‌زار به‌رمیل بۆ هه‌ر رۆژێك به‌رز بكه‌نه‌وه، ئه‌و زیادكردنه‌ش له سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌ندامانی ئۆپێك و وڵاتانی هاوپه‌یمان به سه‌رۆكایه‌تی رووسیا كه به ئۆپێك پڵه‌س ناویان ده‌ركردووه، بڕیاریان داوه ته‌نیا له مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا، درێژه به زیادكردنی به‌رهه‌مهێنان بده‌ن و ساڵی داهاتوو به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بوه‌ستێنن.
هێشتا بازاڕ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌رووی پێداویستییه‌كان نه‌وت بخرێته بازاڕه‌وه، له‌و كاته‌شدا كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر نه‌وت ده‌بێت و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتوون ئه‌و پلانه‌ی له رابردوودا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆژانه ملیۆنێك و 650 هه‌زار به‌رمیل له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون، ده‌كرێ له داهاتوودا دووباره سوودی لێ وه‌ربگرنه‌وه یان به‌شێك له پلانه‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن.
له مانگی نیسانه‌وه تا ئێسته، رۆژانه ئه‌و وڵاتانه دوو ملیۆن و 900 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان به‌رز كردووه‌ته‌وه كه هاوتایه له‌گه‌ڵ 2.7%ی كۆی ئه‌و نه‌وته‌ی له دنیادا ده‌خرێته روو.
كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئۆپێك بڕیاره له 30ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه بچێت، پێشبینی ده‌كرێ رێكخراوه‌كه واز له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بهێنێت، به‌و ئامانجه‌ی پاڵپشتی له نرخی نه‌وت بكات.