وەزارەتی كارەبای عێراق لە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی شكستی هێنا

:: AM:09:07:04/11/2025 ‌
وەزارەتی كارەبای عێراق بەچاولێكردن لە كارەبای 24 سەعاتی كوردستان،  پڕۆژەكەی پەسند كرد، بڕیار بوو وەك هەنگاوی یەكەم لە عەلوەی نوێی كەركووك ئەزموونەكە تاقی بكاتەوە، بەڵام شكستی هێنا.

دانیال عەبدوڵا جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای كەركووك رای گەیاند، "وەزارەتی كارەبای عێراق گرێبەستیان لەگەڵ دوو كۆمپانیا كردووە بۆ ئەوەی كارەبای 24 سەعاتی دەست پێ بكەن".

زیاتر گوتی، بڕیار بوو سەرەتا لە عەلوەی كەركووكەوە دەست پێ بكات، بەڵام دوای شەش مانگ، پڕۆژەكە تا ئێستە بە سستی بەڕێوە دەچێت، وادیارە سەركەوتوو نەبوون.

بەچاولێكردن لە ئەزموومی وەزارەتی كارەبای هەرێم، حكوومەتی عێراق هەوڵی دا ئەو پڕۆژەیە لە شارەكان جێبەجێ بكات، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵی و بێسەروبەری، دوای شەش مانگ تا ئێستە هێشتا پڕۆژەكە دەستی پێ نەكردووە.

بڕیار بوو لە دەستپێكی پڕۆژەكەدا عەلوەی نوێی سەوزە و میوەی كەركووك، وەك شوێنی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەستنیشان بكرێت و كارەبای 24 سەعاتیی تێدا ئەزموون بكرێت، بەڵام خەڵكی عەلوەكە دەڵێن دوو سەعات زیاتر كارەبایان نییە.

تەواوی شارەكانی عێراق هێشتا رۆژانە چەند سەعاتێك كارەبایان هەیە و ئەویتر بەموەلیدە دابین دەكەن، موەلیدەش سەتان كێشەی هەیە و توانای پێدانی كارەبای نییە.

ئەو دوو كۆمپانیایە پارەیەكی زۆریان لە دوكاندارەكانی عەلوەی كەركووك وەرگرتووە، بەقسەی خاوەن دوكانەكان هێشتا كارەبایان نەبینیوە.


 



وشە - سۆران عەزیز