نووسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌م به فه‌رمانێك هاورده‌كردنی به‌نزین، گازوایل و نه‌وتی سپییان راگرتووه.
حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی داوه كه عێراق ئێسته له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و سێ جۆره سووته‌مه‌نییه، به خۆبژێوی گه‌یشتووه و چیتر پێویست ناكات له ده‌ره‌وه هاورده بكرێن.
وه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا خراوه‌ته روو، له سێ ساڵی رابردوودا حكوومه‌ت توانیویه‌تی ژماره‌یه‌ك پاڵاوگه‌ی نوێ بنیات بنێت، ئامانج لێیان هه‌ر ئه‌وه بووه چیتر له دابینكردنی ئه‌و سووتهمهنییانهدا حه‌وجێی ده‌ره‌وه نه‌بن.
له كۆتاییدا به‌رپرسیارێتیی دابینكردنی ئه‌م به‌رهه‌مه سووته‌مه‌نییانه، خراوه‌ته سه‌ر كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان كه پێویسته پێداویستییه‌كانی ناوخۆی عێراق دابین بكات.
جێی باسه پێشتر به‌نزین و پێداویستی تری سووته‌مه‌نی، له ئێران و توركیا و وڵاتانی تره‌وه هاورده كراوه و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی عێراق له دابینكردنی ئه‌و پێداویستییانه به گرنگ داده‌نرێت.
به‌شێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه گوشاری ئه‌مه‌ریكا بووه له‌سه‌ر عێراق، داوای لێ كردووه له پرسی گازی سروشتی و كاره‌باش، پڕۆژه‌كانی په‌ره پێ بدات و كۆتایی به هاورده‌كردنی بهێنێت.