لە شارەكانی عێراق بازاڕی هەناری كوردستان گەرمە، فرۆشیارێكیش دەڵێت: لە عەلوەی كەركووك تا هەناری هەڵەبجە لە بازاڕدا بێت، هەناری تر نافرۆشرێت.
ئێستە وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەرێمی كوردستانە و لەم كاتەدا هەنار بۆ شارەكانی عێراق هەناردە دەكرێت، بەشێكیشی لە ناوخۆدا ساغ دەكرێتەوە.
بەڵام بەهۆی هێنانی هەنار لە وڵاتانی دراوسێ، نرخی هەناری ناوخۆ شكاوە و ئەمەش بەزیان بۆ باخەوانەكانی كوردستان كەوتووەتەوە.
فرۆشیاران و بەرپرسانی عەلوەكان، داوا دەكەن هاوردەكردنی هەنار لە دەرەوە پێویستە لەم كاتەدا قەدەغە بكرێت، چونكە بەرهەمی هاوردەكراو زیانی بە بازاڕی هەناری خۆماڵی، بەتایبەت هەناری هەڵەبجە گەیاندووە.
كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی، بۆ "وشە" قسەیان كردووە و دەڵێن، ئێستە هەنارێكی زۆری سووری و میسری و ئێرانی دێنە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی بەتایبەتی.
ئەوەشیان گوتووە، ئەمە زیانی زۆری بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، وایكردووە بەرهەمەكەیان بەنرخێكی كەم لە بازاڕەكاندا بفرۆشن، یان ناچار بن بینێرن بۆ شارەكانی تری عێراق.
بەقسەی ئەو كەسانەی هەناری كوردستان بۆ شارەكانی تری عێراق دەنێرن دەڵێن، "هەناری هەڵەبجە لە كوالێتی، تام و نرخدا ڕكابەری نییە،" بۆیە بەردەوام دەیكڕن و بۆ بازاڕەكانی خۆیانی دەگوازنەوە.
سامی حەمید كە لە عەلوەی كەركووك كار دەكات رای گەیاند، هەناری هەڵەبجە و كوردستان لە بازاڕدا هەبێت، هیچ خواستێك لەسەر هەناری هاوردەكراوی وڵاتان نییە.
دەڵێت، خەڵك تەنیا هەناری كوردستان بەتایبەت هەڵەبجە دەكڕن و بەشێكیش لەو هەنارە، لە عەلوەی كەركووكەوە بۆ شارەكانی تری عێراق دەنێرن، ئەوانیش ئارەزوویان هەناری كوردستان بەتایبەت هەڵەبجەیە.