وڵاتانی عەرەبی لە رێگەی ئەمەریكاوە كاری گەورە لە عێراق و هەرێم دەكەن

:: AM:09:09:08/11/2025 ‌
ئیمارات دەست بە سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش پاش هەوڵێكی رژدی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی ئەوانیشەوە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكا بەچڕی كار لە بواری وزەی هەرێم و عێراقیش دەكەن.

كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتانی رۆژئاوا، ئەو كۆمپانیانەی لە ئاستی دنیا ناو و ناوبانگ و پێگەی گەورەیان هەیە، ماوەیەكی زۆرە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئێستەش بەشێكیان لەگەڵ عێراق رێككەوتنی گرنگیان لە بواری وزە  كردووە و بەپێی راپۆرتی گۆڤاری ئۆیل پرایس، لە رێگەی ئیماراتەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی وزە و بازرگانیی عێراق و هەرێم دەدەن تا  كۆتایی بەباڵادەستی ئێران بهێنن.

 لە راپۆرتێكدا تیشك دەخاتە سەر هەوڵەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ دووبارە گەڕانەوەی هەژموونیان بۆ عێراق و ناوچەكەش، ئەمجارە لە رێگەی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت و گازی ئەمەریكا و ئەوروپا.

ئاماژە بە پڕۆژەی پەرەپێدانی كێڵگەی غازی "كۆرمۆر" لە هەرێمی كوردستان كراوە، كە بە هەنگاوێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ گەڕاندنەوەی كاریگەریی جیۆپۆلەتیكی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەڵێت، ئامانج لەم گەڕانەوەیە، دوورخستنەوەی بەغدایە لە ئێران و كەمكردنەوەی كاریگەریی چین و رووسیایشە لە كەرتی وزەی ناوچەكەدا.

دوو كۆمپانیای ئیماراتی بە ناوەكانی دانا گاز و هیلال پترۆلیۆم، رۆڵێكی سەرەكی لەم پرۆسەیەدا دەگێڕن، بە دەستپێكردنی فرۆشتنی غاز لە پڕۆژەی پەرەپێدانی كێڵگەی گازی كۆرمۆر.

پڕۆژەكە لەلایەن كۆمەڵەی پیرڵ پترۆلیۆمەوە بەڕێوە دەبرێت، كە ئێستە نزیكەی 80%ی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بڕی 1.1  ملیار دۆلاری سەرمایەگوزاری گەشەپێدان لە سێ سەرچاوەوە هاتووە، لەوانەش  بانكی شاریقەی ئیمارات، بۆندەكەی پیرڵ پترۆلیۆم بە بڕی 350 ملیۆن دۆلار و قەرزێكی 250 ملیۆن دۆلاری لە كۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی ئەمەریكا (DFC).

هەموو ئەو  كارانە ئەنجامی گفتوگۆكانی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانین لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی، بەردەوام لەسەر هێڵ بوون تا بێن لە هەرێمی كوردستان و عێراق كار بكەن.

كۆبوونەوەكانی پێشووی ئەو دوو سەركردە كوردە لەگەڵ  ئیمارات و قەتەر و سعوودیە، بووە هۆی هاتنی وەبەرهێنەرە گەورەكانی ئەو وڵاتە و ئەوانیش توانیان وەبەرهێنی ئەوروپی و ئەمەریكی بێننە عێراق و هەرێم.

ئێستە بەپێی راپۆرتی گۆڤارەكە، هیچ دەرفەتێك بۆ ئێران لە عێراق نەماوە، لە داهاتوودا بەتەواوی بواری وزە و سێكتەرەكانی تریش ئیمارات و سعوودیە و وڵاتانی رۆژئاوای لە رێگەی سەرمایەدارەكانیانەوە كۆنترۆڵی دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز