ئیمارات شەش هەزار تۆن پەتاتە لە كوردستان دەكڕێت

:: PM:01:48:08/11/2025 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی هاوردە و هەناردنكاران، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "گرێبەست واژوو كراوە بۆ هەناردەكردنی شەش هەزار تۆن پەتاتە، هەر ئەمڕۆ بڕی 100 تۆن لە پەتاتەی هەرێمی كوردستان دەگاتە ئیمارات".

هەموو ساڵێك هەرێم بڕێكی زۆر پەتاتە هەناردەی وڵاتان دەكات و ئیمارات خواستی لەسەر بەرهەمی كوردستان گەلێك زۆرە.

ڕەسووڵ حاجی عومەر سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی هاوردە و هەناردنكاران گوتیشی، وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، گەشەیەكی بەرچاوی كردووە و داوای لە جووتیاران كرد، "كار بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بكەن تا ئەو بەرهەمانەی زیاد دەكەن، كار بۆ هەناردەكردنیان بكرێت".

ئەم گرێبەستە نوێیە درێژكراوەی هەوڵەكانی پێشووە بۆ ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی بە بازاڕەكانی دەرەوە.

لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی، بۆ چەند هێندەی ئاستی خۆی زیادی كردووە، بە هۆی چاكیی بەرهەمەكەشەوە، خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی لەلایەن براندە جیهانییەكانیشەوە برەوێكی زۆری پەیدا كردووە."



وشە - سۆران عەزیز