سەرچاوەیەك بۆ "وشە": 120 ملیارەكە ئامادەیە و دواخستنی مووچە لە بەغدا بە ئەنقەستە

:: PM:05:48:08/11/2025 ‌
"وشە" بەدواداچوونی لەسەر مووچەی مانگی ئەیلوول كرد كە بەغدا بە ئەنفەست بڕیاری ناردنی خستە دوای هەڵبژاردن و سەرچاوەیەكی بەرپرس گوتی، هەرێمی كوردستان ئامادەیە 120 ملیارەكە رەوانە بكات. 

ئەمڕۆ شەموو، هەشتی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی گوت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانە بەرانبەر بەغدا بەهۆی ئەوەی بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی دواخستووە بۆ دوای هەڵبژاردن. 

ڕوونیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە ئامادەیی ناردنی 120 ملیاری داهاتی ناوخۆی نیشان داوە، بەڵام ئەوە پێویستە بەغدا رەزامەندی وەرگرتنی بدات و ئینجا دەنێردرێ‌. 

لەلایەكی ترەوە رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ كردووە، نەناردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە پاساوی سیاسی لەپشتە و ستەمكردنە لە خەڵكی كوردستان.

حەملان گوتی "هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە، 120 ملیار دیناری تر بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانكی ناوەندنیی عێراق، ئەگەر بەغدا پێش هەڵبژاردن بڕیاری خەرجكردنی مووچەكە بدات، بەڵام بڕیارەكەی نەداوە."

بە گوتەی یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكوومەت، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی مانگانە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەكات، ئەم بڕەیش لەوە زیاترە كە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی داواكراوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم