هێرشەکانی رووسیا بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئۆکراینای بۆ سفر دابەزاند

:: PM:12:28:09/11/2025 ‌
دوو رۆژە رووسیا دەستی بە هێرشێکی فراوان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کردووە و بەرپرسانی ئۆکراینا هۆشدارییان داوە لەوەی بەرهەمهێنانی کارەبایان بۆ سفر دابەزیوە.

کۆمپانیای حکوومیی سێنتێر ئێنێرگۆ رای گەیاند شەوی رابردوو بە سەتان درۆن و مووشەک هێرش کراوەیە سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئۆکراینا و بە گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئۆکراینا وەستاوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی داوە ژمارەیەک لە درۆن و مووشەکەکان هەمان ئەو وێستگەیان کردووەتە ئامانج کە لە دوای هێرشی 2024 نۆژەن کرابووەوە.

شەوی رابردوو بەهۆی هێرشەکان حەوت کەس کوژراون و کارەبا لە تەواوی ئۆکراینا کوژاوەتەوە و پلەکانی گەرمیش نزمن و ژیانی خەڵک لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی 458 درۆن و 45 مووشەک لە رووسیاوە ئاراستەی ئۆکراینا کراون و لەو ژمارەیە توانیویانە 400 درۆن و نۆ مووشەک بخەنە خوارەوە.

پسپۆڕان هۆشدارییان داوە ئەو دۆخەو ئۆکراینا لەوانەیە کێشە و کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە. وەزیری وزەی ئۆکراینا شەوی رابردووی بە سەختترین شەو لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگ لە 22ی شوباتی ساڵی 2022 هەژمار کردووە.

کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبای ئۆکراینا رای گەیاندووە تا کاتێکی نادیار لە 24 سەعاتدا خەڵک لە هەشت تا 16 سەعات بێ کارەبا دەبن.

درۆنەکانی رووسیا تەنانەت دوو وێستگەی ئەتۆمیی پێوەندیدار بە بەرهەمهێنانی کارەباشیان  لە رۆژئاوای وڵاتەکە کردووەتە ئامانج و بۆیەش داوا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کراوە دانیشتنێکی نائاسایی ساز بکات.



وشە - سلێمان تاشان