عێراق لە ماوەی چەند مانگێك بای 56 ملیۆن دۆلار سێوی لە ئێران كڕیوە

:: PM:06:31:13/11/2025 ‌

دوور لەوەی عێراق و ئێران دراوسێن و پێوەندیی بەهێزی بازرگانیان هەیە، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران، بە بەردەوام گومان لەو پێوەندییە هەیە و ئەمەریكا پێی وایە سپیكردنەوەی پارە و دابینكردنی دۆلار بۆ ئێران لە عێراقەوە هەیە، ئێران یەكێكە لە وڵاتە كشتوكاڵییەكان، بەتایبەتی سێوێكی زۆری هەیە، بەپێی ئامارەكان لە ماوەی چەند مانگدا سێوێكی زۆری ئێران بۆ عێراق هێنراوە.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "عەسر ئێران"، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا هەناردنی سیوی ئێرانی بۆ دەرەوە، بەتایبەتی بۆ عێراق، گەیشتووەتە زیاتر لە 204 هەزار تۆن سێو، بە بەهای زیاتر لە 82 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، بەپێی داتای گومرگی ئێران، تەنیا عێراق 147 هەزار تۆن سێوی ئێرانی بە بەهای 56 ملیۆن دۆلار هاوردە كردووە و لە پلەی یەكەمە و دوای ئەو پاكستان لە پلەی دووەم 18.7 هەزار تۆن بە بەهای 7.2 ملیۆن دۆلار، ئینجا ئیمارات 10 هەزار تۆن بە بەهای 8.3 ملیۆن دۆلار.

لیستی كڕیارانی سێوی ئێران ناوی هەریەك لە توركمانستان و سووریا و كازاخستان و تاجیكستان و توركیا و عومان و رووسیا و فیلیپین و قتەر و كوێت و جۆرجیا و لیبیای تێدایە، هەرچی عێراقە بەهۆی خراپیی دۆخی كشتوكاڵ و هەبوونی كێشەی كەمئاوی، پشت بە ئێران و وڵاتانی تر بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی لە میوجات دەبەستێت، بەڵام چاودێریی ئەمەریكا لەسەر عێراق بەهۆی سزاكانی سەر ئێران، وایان كردووە گومان لەو پشتبەستنەی عێراق بە ئێرانەوە هەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل