تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حكوومەتی فیدراڵی تەنیا 280 ملیار دینارە و سكرتێری حكوومەتیش دەڵێت: دوای ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت، داهاتی نانەوتی هەرێم: داهاتی خۆمان 71% ی مووچەی مانگانە دابین دەكات.
ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند: لە دوای كەوتنەبواری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئێستە هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە كاش دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی پێویستی مووچەی مانگانە دابین دەكات.
بەپێی قسەكانی سكرتێری حكوومەت و ئەو زانیارییانەی كۆمپانیای نەوتی باكور خستویەتییەڕوو، بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت، داهاتی كاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79$) دەكاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، كە داهاتەكەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵە.
هەروەها بڕی 120 ملیار دیناری تری مانگانە وەك بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم، بە كاش دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق.
خەرجیی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ 945 ملیار دینارە، بە لێدەركردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم كە بە كاش مانگانە دەچێتە سەر حیسابی دارایی فیدراڵ لە كۆی گشتیی پێویستی مووچەی هەرێم، كەواتە تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حكوومەتی فیدراڵی، ئێستە تەنیا (280 ملیار) دیناری پێویستە كە بە ڕێژە دەكاتە 30%ی مووچەی مانگانە.
ئامانج ڕەحیم ڕوونكردنەوەی داوە لەبارەی ئەوەی هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حكوومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حیساب بكەین كە 16$ ە بۆ یەك بەرمیل، ئەوكات كولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە كولفەی نەوتیشەوە تەنیا نزیكەی 400 ملیار لەسەر حكوومەتی فیدراڵی دەكەوێت كە دەكاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، ئەو كاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی خۆی دابین كردووە.