چه‌ند سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌فته‌یه‌كی تر له بازاڕی بۆرسه داخرا، رۆژانی كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی بازاڕی نه‌وت بۆ ئه‌و كاڵایه زۆرباش نه‌بووه و له‌به‌ر سێ هۆكار، نرخی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه.
نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت كه له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌كه گه‌یشتبووه نزیكه‌ی 65 دۆلار به 61 دۆلار و 98 سه‌نت داخرا، كه نزمترین نرخی نه‌وته له‌وه‌ته‌ی 13ی مانگه‌وه تۆمار كرابێت.
هاوكات هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكا به 58 دۆلار داخرا و نه‌وتی ئۆپیكیش به 66 دۆلار و 72 سه‌نت ده‌فرۆشرێت.
نه‌وت له‌و كاڵا گرنگانه‌یه كه رووداو و پێشهاته‌كانی دنیا راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر و هه‌ر رووداوێك ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدابێت له داهاتوودا نه‌وتی زیاتر ده‌خرێته بازاڕ، ئه‌وا نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت و هه‌ر رووداوێكیش بۆنی ئه‌وه‌ی لێ بێت كێشه له بازرگانی و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت دێته كایه‌وه، ئه‌وا نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه. جگه له‌مه پرسی گه‌شه‌ی ئابووریی دنیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وت هه‌یه و خێرایی گه‌شه‌كه چه‌ند زیاتر بێت، ئه‌وا پێویستییه‌كان به نه‌وتیش زیاتر ده‌بن و نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه.
یه‌كێك له نوێترین و گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ی له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی نه‌وت هه‌بووه، پرسی ئه‌و گوشارانه بووه كه ئه‌مه‌ریكا خستوویه‌ته سه‌ر ئۆكراینا و تا رۆژی پێنجشه‌می كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی بۆ دیاری كردووه له‌گه‌ڵ رووسیا پێكبێت. دۆناڵد تره‌مپ رێككه‌وتنێكی 28 ماده‌یی داوه‌ته زیلینسكی و پێی گوتووه ده‌بێت پێیان رازی بێت.
له ئه‌گه‌ری قبووڵكردنی رێككه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن ئۆكراینا، پێشبینی ده‌كرێ جه‌نگه‌كه بوه‌ستێت، سزاكان له‌سه‌ر رووسیا هه‌ڵده‌گیرێن و رێڕه‌وه‌كانی بازرگانی و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و وزه ده‌كرێنه‌وه، له‌م كاته‌شدا خستنه‌ڕووی به‌رهه‌مه‌كه زیاتر ده‌بێ، بۆیه نرخه‌كه‌ی كه‌م ده‌كات.
لێكۆڵه‌ره‌وان و شرۆڤه‌كارانی بانكی NAZ له ئاگادارییه‌كدا به كڕیاره‌كانیان گوتووه، مه‌رج نییه رێككه‌وتن له نێوان رووسیا و ئۆكراینادا بكرێ، چونكه ئۆكراینییه‌كان به ویست و داخوازییه‌كانی رووسیا رازی نین.
هۆكارێكی تر كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌بووه، پێوه‌ندیی به هه‌ڵكشانی نرخی دۆلار له بازاڕه‌كانی دنیا هه‌یه. نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر زۆربه‌ی دراوه‌كان هه‌ڵكشاوه و ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ی نرخه‌ش وا ده‌كات، نرخی نه‌وت له‌سه‌ر كڕیاره‌كان زیاتر بوه‌ستێت، بۆیه له‌و كاته‌دا نرخه‌كه‌ی به كه‌متر ده‌فرۆشرێت و روو له دابه‌زین ده‌كات.
هۆكاری سێیه‌م كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌بووه، دواین راپۆرت بووه له‌باره‌ی چالاكیی كارگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌م مانگه‌دا و باس له‌وه ده‌كرێ، چالاكییه‌كانیان و به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ نزمترین ئاست له ماوه‌ی چوار مانگی رابردوو دابه‌زیوه. به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان له‌لایه‌ك و به‌رده‌وامیی پێناسه گومرگییه‌كان به‌سه‌ر كاڵای هارده‌كراو له‌لایه‌كی تر، وایكردووه داخوازی بۆ كڕینی كاڵا كه‌م ببێته‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆری كاڵا و شتومه‌ك له كۆگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بمێنێته‌وه و ساغ نه‌كرێنه‌وه، هه‌مووی ئه‌و رووداوانه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سستكردنی ئابووریی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و سستبوونی ئابووریش ده‌بێته هۆی نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كان.