بە بەردەوام گومانی قاچاغی دۆلار و سپیكردنەوەی پارە لەسەر دامەزراوە بانكی و بەرپرسانی عێراق هەیە، ئەوەش وای كردوە كۆمپانیا و بانكە تایبەتەكان و گرووپ و كەسایەتییەكان سزا بدرێن و تەنانەت مەترسی بكەوێتە سەر بانكە حكوومەتییەكان و بانكی ناوەندیش، ئابووریناسێك باسی بوونی بۆشاییەكی گەورەی دۆلار لە نێوان بانكی ناوەندی و گومرگەكان دەكات.
مەنار عوبەیدی شارەزای ئابووری بوونی جیاوازییەكی گەورە، 47 ملیار دۆلار، لە نێوان حەواڵە داراییەكان و داتای گومرگەكان لە عێراق لە ساڵی 2024 دەكات، روونی كردەوە، داتاكانی 2024 بوونی جیاوازییەكی گەورە و بۆشاییەكی گەورە لە نێوان ئەو بڕە دۆلارەی بانكی ناوەندی دابینی دەكات و ئەوەشی لە گومرگەكان هاتنەوەی بە شێوەی كاڵاكان تۆمار دەكرێت.
روونی كردەوە، لەوكاتەی بانكی ناوەندی باسی ئەوە دەكات هاوردەكردنی عێراق 87 ملیار دۆلاری تێپەڕ كردووە، لەگەڵ حەواڵەكردنی دەرەكی بۆ دابینكردنی ئەو بازرگانییە بە زیاتر لە 80 ملیار دۆلار، كەچی زانیارییەكانی دەستەی گومرگی عێراق زۆر لەوە جیاوازە و تۆماركردنی هاتنی كاڵا بە كۆی بەهای 39 ملیار دۆلار كراوە.
ئەو شارەزایە دەڵێت، ئەو جیاوازییە زۆرە كە 47 ملیار دۆلاری تێپەڕ كردووە، چەند كەرتێكی گرتووەتەوە لەوانە هاوردەكردنی ئامێر و كەرەستەی گواستنەوە بە بڕی 33.6 ملیار دۆلار، لەوكاتەی لە گومرگەكان تەنیا باس 14.8 ملیار هاتووە، واتە بە جیاوازی 18,7 ملیار دۆلار، هەروەها جیاوازییەكی گەورە لە دروستكراوە جۆراوجۆرەكان هەیە، كاتێك بانكی ناوەندی بڕی 13.8 ملیار بۆ هاوردەكردنیان تەرخان كردووە، لەبەرانبەر هاتنی بە بڕی 2.2 ملیار دۆلار لە گومرگەكان.