دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار دیار نامێنێت و وەزارەتی دارایی روونكردنەوە دەدات
پێشتر ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق رای گەیاند، دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری سندووقی چاودێریی كۆمەڵایەتی عێراق دیار نەماوە، ئەم لێدوانەی وەزیر بووە باسوخواسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و وەزارەتی دارایی ناچار كرد روونكردنەوە بدات، بەڵام هێشتا خەڵك باوەڕ بەروونكردنەوەكەی وەزارەت ناكەن.
وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، هیچ بڕە پارەیەك لە هەژماری تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی نەبراوە، بەڵكو تەنیا هەژمارەكە سڕ كراوە.
وەزارەتی دارایی رای گەیاند، وەزیری كار زانیاریی نادروستی لەبارەی بڕە پارەیەك لە هەژماری تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بڵاو كردووەتەوە.
وەزارەتی دارایی ئاشكرای كرد كە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی دروست” بەدواداچوونی بۆ باڵانسی هەژمارەكە نەكردووە، ئەمەش وایكردووە رای گشتی بشێوێنێت.
ئەگەرچی هەواڵی دیار نەمانی پارەكە زۆر بڵاوكرایەوە وەزارەتی دارایی بەروونكردنەوەكەی دەیەوێت ئەو دەنگۆیانە كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام خەڵك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان باوەر بە روونكردنەوەكەی وەزارەتەكە ناكەن و پێیان وایە چەندان پارەی وا خوراوە.