لیژنەی فەتوای سلێمانی: بلاك فرایدەی حەرام نییە

:: AM:09:48:24/11/2025 ‌
سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی رای دەگەیەنێت، بلاك فرایدەی حەرام نییە، بەڵام مەرجی هەیە و باشترە ناوی بگۆڕێت.

د. محەمەد پێنجوێنی سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی لەبارەی بلاك فرایدەیەوە رای گەیاند، دیاریكردنی هەر رۆژێك بۆ هەرزانكردنی نرخی كاڵا و شمەك ئاساییە، بەو مەرجەی فێڵی تێدا نەبێت و بۆ هەڵخەڵەتاندن نەبێت.

گوتیشی، لە ئاینی ئیسلامدا رۆژی هەینی، رۆژی سپی و هاوكارییە نەك رۆژی رەش، بۆیە پێشنیاز دەكەین ناوەكەی لە هەینیی رەشەوە بگۆڕێت بۆ هەینیی سپی.

هەموو ساڵێك كۆتا هەینیی مانگی 11 بە بلاك فرایدەی دەناسێنرێت كە بە واتای هەینیی رەش دێت، ئەم ڕۆژە كە نەریتێكی جیهانییە، ساڵانە لە ئەمەریكا و ئەوروپا خەڵكێكی زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەكەن، بۆ كڕینی كاڵا ماركە و گرانبەهاكان بە نرخێكی هەرزان. 

چەند ساڵێكیشە ئەم كولتوورە گەیشتووەتە بازاڕ و مۆڵەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەشێك لە دوكاندارەكان لەم رۆژەدا فێل لە هاووڵاتییان دەكەن.

لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی هەولێر، گەڕانێكیان بەناو بازاڕدا كردووە بۆ جیاكردنەوەی داشكاندنی ڕاستەقینە لە  فێڵی بازرگانی.

لە بەسەركردنەوەیەكدا لە مۆڵێكی بچووك، تیمەكان ڕووبەڕووی حاڵەتێكی سەیر بوونەوە، خاوەن دوكانێك لافیتەی گەورەی هەڵواسیوە و بانگەشەی 80% داشكاندن دەكات. نرخی پێشووی 52 هەزار دینار بووە و ئێستە بووەتە هەشت هەزار و 750 دینار.

بەڵام كاتێك لیژنەكە وردبینییان لە نرخە كۆنەكە كردووە، دەركەوتووە نرخی ئەسڵی كراسەكە تەنیا 10 هەزار دینار بووە، واتە داشكاندنەكە تەنیا نزیكەی هەزار و 250 دینارە.






وشە - سۆران عەزیز