ئێستە عێراق كێشەیەكی گەورەی لە سیولەی دارایی و زۆریی قەرزەكانی هەیە، هەر ئەوەش بوو وای كرد ساڵی 2025 بودجەی نەبێت، كە زیانی گەورەی هەبوو، ئێستەش دەنگۆیەك هەیە حكوومەتی عێراق پەنا بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار تا ئاستی 180 بۆ 200 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار ببات، شارەزایان وریایی لەو هەنگاوە دەدەن بەوەی رێژەی هەڵاوسان و نەهامەتیی هەژاران زیاتر دەكات.
ئەحمەد عەبد رەبە شارەزای ئابووری و دارایی دەڵێت، ئەو قسانەی لەبارەی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیولە یان دانەوەی قەرزەكان دەكرێت، بژارەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ ئابووری عێراق، چونكە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر نرخ هەیە و توانای كڕینی هاووڵاتییان لاواز دەكات، بەتایبەتی هەژاران، بۆیە ناكرێ وەك چارەسەرێكی سیحراوی تەنگژەی دارایی دەستكاریی نرخی دۆلار بكرێت، چونكە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هۆكار نییە و لە ئەنجامی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەكانە و پێویستی بە چاكسازییەكی راستەقینە و هاوسەنگ هەیە.
روونی كردەوە، بەداخەوە هەندێك پسپۆڕ و لە میدیاكان بابەتەكە ئاسان و هەڵخەڵەتێنەر دەخەنە روو، وەك ئەوەی گۆڕینی نرخی دۆلار چارەسەری هەموو كێشەكان بكات، ئەوان خۆیان لە كاریگەرییەكانی لە زیادكردنی هەڵاوسان پێوەست بە نرخی خۆراك و دەرمان و مادە بیناسازییەكان لا دەدەن، جیا لەو گوشارەی دەكەوێتە سەر ئەستۆی ماڵباتە كەمدەرامەتەكان و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.
عەبد رەبە دووپاتی كردەوە كە هەر لەگەڵ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار راستەوخۆ نرخی كاڵا هاوردەكراوەكان بەرز دەبێتەوە و هەژاری زیاتر دەبێت و جموجۆڵی ئابووری تێك دەچێت، بۆیە پێویستە لەبری ئەوە چاكسازی بكرێت، چونكە ناكرێ هاووڵاتییان باجی سیاسەتە هەڵەكان بدەن.