سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رای دەگەیەنێت، پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان دەست پێ دەكاتەوە و چەند مەرجێك هەیە.
ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی یەكەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كۆمپانیای چیلی (GEELY) بۆ ئۆتۆمبێل، لە دەستپێشخەرییەكدا ئۆفەرێكیان خستووەتە بەردەم مامۆستایانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەوانەی كە كارتی بانكی هەژماری منیان لەسەر (بانكی جیهان) هەیە.
زیاتر گوتی، ئەوانەی لەسەر بانكی جیهانن، دەتوانن لە كۆمپانیای چیلی ئۆتۆمبێل بە قیست رابكێشن بەپێی مەرجەكان و داشكانیش بۆ مامۆستایان بە رێژەی 8% كراوە، لەگەڵ ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە بە خۆڕاییە.
راشی گەیاند، كۆمپانیاكە جگە لەم داشكانە، هەروەها داشكانی بەبڕی 400 هەزار دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك كردووە، هەروەها سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەتوانن سوودمەند بن لەم ئۆفەرە ئەوانەی لە بانكی جیهان مووچەكانیان وەردەگرن، هەروەها مامۆستایانی گرێبەستیش دەتوانن سوودمەند بن.
روونی كردەوە، پێشەكی هەر ئۆتۆمبێلێك پێنج ملیۆن دینارە، مانگانە بڕی 340 هەزار دینار بۆ ماوەی پێنج ساڵە.
بە گوتەی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان جۆری ئۆتۆمبێلی بەردەست GEELY X3PRO مۆدیل 2025، لەگەڵ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەكە دەتوانن بەناوی خۆتان بكەن و مەرجەكانیش دوو كەفیل پێویستە، یەكێكیان لە كەرتی حكوومی ئەویتر لە كەرتی تایبەت بێت و پشتگیری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانی هەبێت.