هه‌فته‌یه‌كی نوێی بازاڕی بۆرسه كرایه‌وه و له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌م بازاڕه‌شدا، نرخی زێڕ زیاتر هه‌ڵكشا و یه‌كه‌م به‌ربه‌ستی هه‌ڵكشانی نرخی بڕی، بۆیه ئه‌گه‌ره‌كانی تۆماركردنی ژماره‌ی پێوانه‌یی له نرخ زۆر به‌هێزتر بووه.
بازاڕی زێڕ له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌گه‌ری زیاتری دابه‌زاندنی رێژه‌ی سوودی بانكی له‌لایه‌ن رێزێرڤ فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا گه‌شاوه‌ته‌وه، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه 170 دۆلاری هاته سه‌ر و له چه‌ند سه‌عاتی رابردووش‌دا به‌ربه‌ستی چوار هه‌زار و 244 دۆلاری بڕی.
نرخی زێڕ له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا 20ی مانگی رابردوو، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو و چه‌ندان جار ژماره‌ی پێوانه‌یی له مێژووی ئه‌و كانزایه‌دا شكێنرا، تا 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر رووی له دابه‌زین بوو و له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌تایبه‌تی دوو رۆژی كۆتایی هه‌فته، به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا و نرخه‌كه‌ی به چوار هه‌زار و 218 دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسێك داخرا و ئه‌مڕۆیش 26 دۆلاری تری هاتووه‌ته سه‌ر.
به بڕینی به‌ربه‌سته‌كه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێ به‌مزووانه جارێكی تر ژماره‌ی پێوانه‌یی له مێژوودا بشكێنێت. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، بۆ 20ی مانگی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر ئۆنسێكی گه‌یشته چوار هه‌زار و 381 دۆلار.
به‌گشتی ناوه‌نده ئابووری و داراییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی باس له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده باس له دابه‌زینی ناكه‌ن.
به‌گوێره‌ی نوێترین پێشبینیی وه‌به‌رهێنه‌ران، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی جارێكی تر رێزێرڤ بانكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دابه‌زاندنی رێژه‌ی سوودی بانكی بدات زۆر زیادی كردووه، ئه‌وه‌ش ئه‌وانی هان داوه روو له كڕینی بڕێكی زیاتری زێڕ بكه‌ن.
بارت میلك به‌ڕێوه‌به‌ری ستراتیجیی كڵا له كۆمپانیای تی دی سكیوریتیز پێشبینی كردووه تا ساڵی 2026، جیهان هه‌ر به‌م شێوه‌یه ئابوورییه‌كی لاوازی هه‌بێت و هه‌ر به‌و هۆیه‌وه فیدراڵ رێزێرڤ جارێكی تر نرخی سوود له‌م بكاته‌وه. لێكۆڵه‌رانی بازاڕی زێڕ ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر جارێكی تر رێژه‌ی سوودی بانكی دابه‌زێنرێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه دیسان زێڕ له نرخدا ژماره‌ی پێوانه‌یی بشكێنێت.
لێكۆڵه‌ڕه‌وانی گۆڵدمه‌ن ساكسیش رایان گه‌یاندووه، نرخی زێڕ روو له هه‌ڵكشان ده‌كاته‌وه، نرخی زێڕ تا كۆتایی 2026 ده‌گاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار و له‌چاو نرخی ئێسته‌ی 21% به‌رز ده‌بێته‌وه. پاساوی سه‌ره‌كیی گۆڵدمه‌ن ساكس و زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و چاودێرانی بازاڕی زێڕ ئه‌وه‌یه، داخوازی بۆ كڕینی زێڕ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن بانكه ناوه‌ندییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ره تایبه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ داده‌نرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه بانكی وه‌به‌رهێنانی سویسرایی، دواین پێشبینی خۆی له‌باره‌ی ئاسۆی بازاڕی زێڕ راگه‌یاندووه و گوتوویه‌تی، نرخی هه‌ر ئۆنسێكی ده‌گاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار.
دامه‌زراوه‌ی ''یوو بی ئێس''یش، پێشبینییه‌كه‌ی پێشتری له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ بۆ ساڵی 2026 له چوار هه‌زار 200 دۆلاره‌وه بۆ چوار هه‌زار و 500 دۆلار به‌رز كردووه‌ته‌وه.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 849 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 728 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 970 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 141 هه‌زار و 900 دینار ده‌ستنیشان كراوه. زێڕنگری ئازورا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م نرخانه‌ی ئۆنسێك زێڕی به چوار هه‌زار 237 دۆلار كردووه‌ته بنه‌ما.