وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا چه‌ند چه‌ند خوله‌كێك له‌مه‌وبه‌ر تمه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی له مێژوودا شكاند و نزمترین نرخی له مێژوودا به‌رانبه‌ر دۆلار تۆمار كرد. دواین جار كه تمه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندبێت، بۆ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر ئێسته نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكا له بازاڕه‌كانی تاران به 118 هه‌زار و 150 تمه‌ن ده‌فرۆشرێت كه نزمترین نرخه ئه‌و دراوه له مێژوودا به‌خۆیه‌وه بینیوه، دواین جار به 118 هه‌زار و 50 تمه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندبوو. له سێ رۆژی رابردوودا زیاتر له پێنج هه‌زار تمه‌ن هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ر دۆلارێك.
له كۆتایی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ، دوای ئه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به فه‌رمی لیستی سزاكان له دژی ئێرانی بڵاو كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی كۆتایی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هات و رێكاری سناپ به‌ك چالاك كرا، به‌های تمه‌ن رووی له دابه‌زین كرد و ته‌نانه‌ت تا 118 هه‌زار و 50 تمه‌ن گۆڕا، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك نرخه‌كه‌ی ئاسایی بووه‌وه و به نزیكه‌ی 108 هه‌زار تمه‌ن جێگیر بوو.
حكوومه‌تی ئێران هه‌وڵێكی زۆری دا به‌و توانا داراییه سنوورداره‌ی هه‌یه‌تی، رێگریی له زیاتر دابه‌زینی به‌های تمه‌ن بكات، به‌ڵام وا دیاره نه‌یتوانیوه به‌رگری له نرخه‌كه‌ی بكات، بۆیه‌ش له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا نه‌یتوانی به‌رگری له‌و جێگیرییه‌ی نرخ بكات و نزیكه‌ی پێنج هه‌زار تمه‌ن دابه‌زی، ئه‌مجاره‌ش چوار هه‌زاری تر دابه‌زیوه و به‌گشتی له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا تمه‌ن به‌رانبه‌ر دۆلار به رێژه‌ی نزیكه‌ی 9% بێبه‌ها بووه.
كۆمه‌ڵێك هۆكاری كاریگه‌رییان هه‌بووه له دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، یه‌كێك له هۆكاره‌كان پێوه‌سته به سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و حكوومه‌ت هه‌وڵی داوه كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و سزایانه پووچه‌ڵ بكاته‌وه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كان به زه‌قی ده‌بینرێن و ئێران هاوشێوه‌ی رابردوو، نه له فرۆشتنی نه‌وت پاره‌ی پێویستی ده‌ست ده‌كه‌وێت و نه له پرسی هه‌نارده و به‌رهه‌مهێنانیشدا توانیویه‌تی وه‌ك پێویست به‌رده‌وام بێت.
ئێران له دۆخێكی ناله‌باری ئابووریدایه و ناتوانێت نرخی شتومه‌كه‌كان له بازاڕ كۆنترۆڵ بكات، رۆژ به رۆژیش له به‌های دراوه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه.
سزاكانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ریكه كاریگه‌رییه‌كانی زیاتر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به‌دیار ده‌كه‌ون و باری بژێوی و ژیان له‌م وڵاته قورس‌تر ده‌كات.
حكوومه‌تی ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ده‌ستكاری ئه‌و نرخه‌ی دۆلاریش بكات كه به نرخی پاڵپشتی داده‌نرێت و پێشكه‌شی به‌شێك له ده‌زگا و بازرگانانی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی پێ هاورده بكه‌ن و به نرخی گونجاو ساغی بكه‌نه‌وه.
جگه له‌مه رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له ئێران رووی له به‌رزبوونه‌وه‌دایه و نرخه‌كانیش زیاتر هه‌ڵكشاون و پێده‌چێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه، حكوومه‌ت خۆی هاوشێوه‌ی جاران دراوی زیاتری چاپ كردبێت و قه‌باره‌ی نه‌ختینه‌یی به‌رز كردبێته‌وه، بۆیه‌ش به‌های تمه‌ن دابه‌زیوه.
به‌گوێره‌ی نوێترین ئاماری فه‌رمانگه‌ی ئاماری ئێران، رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌و وڵاته‌دا بۆ مانگی دووه‌می پایزی ئه‌مساڵ له چاو هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوو، گه‌یشته 50%، جگه له هه‌ڵاوسانی خاڵ به خاڵ، هه‌ڵاوسانی ساڵانه‌شی به 40% راگه‌یاند. ئه‌و ئاماره نوێیه به‌و واتایه دێت هه‌ر خێزانێكی ئێرانی له‌م مانگه‌دا، به رێژه‌ی 50% زیاتر له ساڵی رابردووی بۆ پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان خه‌رج كردووه. هه‌ڵاوسانی مانگه‌كه به‌راورد به مانگێك پێشتر، 3.4% به‌رز بووه‌ته‌وه و زۆرترین رێژه‌ی هه‌ڵكشانی نرخیش بۆ بواره‌كانی خۆراك بووه.
به‌رزیی قه‌باره‌ی نه‌ختینه‌یی هۆكاری سه‌ره‌كییه له هه‌ڵاوسان و وا ده‌كات ئه‌و تمه‌نه‌ی كه له به‌رده‌ستی خه‌ڵكدایه، توانای كڕینی جارانی نه‌مێنێت.
به گشتی تمه‌ن هیچ كاتێك نه‌یتوانیوه پارێزگاری له نرخی راسته‌قینه‌ی خۆی بكات. دۆلار ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له نێوان 70 تا 80 هه‌زار تمه‌ن فرۆشراوه، له‌پڕ نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ 90 هه‌زار و دواتر نرخه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ 80 هه‌زار ماوه‌یه‌ك له‌م نرخه جێگیر بووه و گه‌یشتووه‌ته 100 هه‌زار و گه‌ڕاوه‌ته‌وه 90 هه‌زار، ئه‌م ره‌وته هه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ر تمه‌ن له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌ها به‌و سیاسه‌ته داراییانه‌ی ئێران گرتوویه‌ته‌به‌ر هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی به‌ره‌وپێش چووبێت، ئه‌وا له ژێر كاریگه‌ری و پاڵه‌په‌ستۆی قه‌یرانه‌كان دوو هه‌نگاویش پاشه‌كشه‌ی كردووه.
به گشتی به‌های تمه‌ن به‌ستراوه‌ته‌وه به كۆی پێگه‌ی ئابووریی و توانای دارایی ئێران. حكوومه‌تی ئێران به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و داهاته‌ی هه‌یه‌تی و ئه‌و پێوه‌ندییه ئاڵۆزه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌تی و ئه‌و قه‌یرانه گه‌ورانه‌ی نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵیان بكات، هیچ شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كیش نه‌یه‌ته كایه‌وه ئه‌وا تمه‌ن درێژه به دابه‌زینی به‌هاكه‌ی ده‌دات.