بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیستی مووچەی مانگی 11 بۆ بەغدا بێتە ناردن، لیستی مووچەی مانگی 10 پێشتر نێردراوە و هیچ كێشەیەكی نییە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش لەبارەی مووچەكانی 11 و 12 زانیاری نوێ بڵاو دەكاتەوە.
یادگار جەبار سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی رای گەیاند، لیستی مووچەی مانگی 12 بەمزووانە ئامادە دەكرێت. ئێستەیش سەرقاڵی كۆتاهێنانین بە لیستی مووچەی مانگی 11 وە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بیـَتە ناردن.
ئەگەرچی شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، لە 25 ئەم مانگەوە بەغدا هەموو حیسابێكی دارایی ساڵ دادەخات و مووچەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەفەوتێن، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رای جیاوازی هەیە.
جەمال كۆچەر كاندیدی دەرچوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو رای گەیاند، بڕیارە مووچەی مانگەكانی 11 و 12 نەفەوتێت و بگوازرێتەوە بۆ ساڵی 2026، واتە عێراق ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هەرێمی دیاری كردووە كە بەپێی خەرجی فیعلییە، "تێنەپەڕێت".
بەپێی زانیارییەكان، ئێستە هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان لیستی مووچەی مانگی 11یان تەواو كردووە و پەسندیش كراوە، بڕیارە لەم یەك دوو رۆژە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری بنێردرێت بۆ بەغدا.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی هەزار و 400 یەكەی ژمێریاری هەن و لە ڕێگەی سیستمی (پەیرۆڵ) مووچەی مانگانەیان ئامادە دەكرێت.
ئەگەرچی هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی دابەش دەكات، بەڵام هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 10ی وەرنەگرتووە.