هاوكات لەگەڵ رادەستكردنی بۆ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی كێڵگەی قورنە تووشی كێشە دەبێت

:: PM:05:48:08/12/2025 ‌

بەهۆی سزاكانی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر گەورە كۆمپانیا نەوتییەكانی رووسیا، كێشە بۆ كاركردنیان دروست بوو، ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق پێشوازیی لە شاندی كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی كرد و سەرچاوەیەكیش باسی ئەوە دەكات گفتوگۆ بۆ رادەستكردنی دووەم كێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە بۆ ئەو كۆمپانیایە لە بری كۆمپانیای لووك ئۆیڵی رووسی كراوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت پێشوازی لە شاندێكی كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی كردووە و باسی چەند بابەتێكیان كردووە پێوەست بە پەرەپێدانی كەرتەكانی نەوت و غاز، ئەوە لەوكاتەی سەرچاوەیەكی ئاگەدار گوتی، لە دیدارەكە گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنی ئەركی بەڕێوەبردنی دووەم كێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قورنە لە لایەن شیڤرۆن لە بری كۆمپانیا رووسییەكە كراوە.

دوای وەستانی كارەكانی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، لە 19ی تشرینی دووەمی رابردوو كۆمپانیای لووك ئۆیڵی رووسی باری نائاسایی راگەیاند و داوایەكی پێشكەشی وەزارەتی نەوتی عێراق كرد بەوەی ناتوانێت چیتر لە كارەكەی لە دووەم كێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە بەردەوام بێت، كە یەكێكە لە كێڵگە نەوتییە گەورەكانی عێراق و بە هاوبەشی لە نێوان كۆمپانیا رووسییەكە و كۆمپانیای نەوتی باشووری عێراق بەڕێوە دەچێت.

لە لایەكی تر ئەمڕۆ دووشەم ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە كە بەهۆی رووداوێكی دزەكردن و لێچوونی نەوت لە بۆری هەناردەكردن لە دووەم كێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قورنە، كاركردن لە كێڵگەكە وەستاوە و بەوەش عێراق یەكێك لە گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەست داوە، كە دەگاتە 460 هەزار بەرمیلی رۆژانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل