سەرۆکی یەکێتیی بازرگانانی قەتەر رای گەیاند عێراق بازاڕێکی گرنگە بۆ قەتەر و پەرەپێدانی هاوکاری و پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان بە گرنگ هەژمار دەکرێت.
ئەو پەیامەی یەکێتیی بازرگانانی قەتەر لە میانەی سەردانی شاندێکی عێراقی بۆ ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی وەزیری بازرگانی راگەیەنرا
ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق لە قەتەر لەگەڵ دەستەی بازرگانانی قەتەر بە سەرۆکایەتیی فەیسەڵ بن قاسم ئال سانی سەرۆکی یەکێتییەکە دیدارێکی ساز کرد.
لەو دیدارەدا هەڵسەنگاندن بۆ زەوینە بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرهێنانی قەتەر کراوە لە عێراق و هەر لەوێ داوا لە بەرپرسانی بازرگانی قەتەر کراوە سەردانی عێراق بکەن.
لە بەرانبەردا سەرۆکی شاندی بازرگانیی قەتەر باسی لە گرنگیی بازاڕەکانی عێراق کرد و روونی کردەوە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان بە تایبەتی لە کەرتەکانی وزە، ئاسایشی خۆراک، پەروەردە، خزمەتگوزاری لۆجستیکی و پڕۆژەی تری ئابووری خزمەتی هەر دوو لایەن دەکات.
قەتەر ماوەی چەند ساڵێکە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق پەرە پێداوە و لە هەوڵدایە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیجیی وڵاتەکەدا بەشداری بکات.