بانكەكانی عێراق چوونەتە ناو قۆناغێكی هەستیار بەهۆی كەمبوونەوەی سیولە تیایاندا، لەناو زیادبوونی پابەندییە داراییەكان و كەمیی هاتنی پارە بۆیان، ئەوانەش مەترسییەكانی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ قۆناغی داهاتوو زیاتر كردووە.
ئێستە بۆشایی نێوان داهات و خەرجییەكانی حكوومەتی عێراق زۆر بووە، ئەوەش وا دەكات عێراق بچێتە ناو دۆخێكی دارایی سەخت راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیان و بژێوەی خەڵك هەیە، ئەم مانگە بەهۆی كەمیی سیولە لە بانكە حكوومەتییەكان مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواكەوت، ئەوەش وای كرد مووچەی خانەنشینان دوا بكەوێت.
بەپێی سەرچاوەكان بانكە حكوومەتییەكان تووشی زەحمەتی بوونە لە دەستكەتنی پارەی پێویست و ئەوەش وای كرد مووچە دوا بكەوێت، لەناو مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە بۆ مانگەكانی داهاتوو ئەگەر بەپەلە ئەو كێشە چارەسەر نەكرێت.
زرغام محەمەد عەلی شارەزای ئابووری دووپاتی كردەوە كە هۆكارەكەی بەرزیی ئاستی كورتهێنانە لە بودجە، كە تیایدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە نرخێك خەمڵێندراوە و نرخەكەی نەگەیشتە ئەو ئاستە، ئەوەش قەبارەی كورتهێنانی زیاتر كرد و گوشار كەوتە سەر حەواڵەی گەنجینە كە حكوومەت بە بانكەكانی دەفرۆشێت لە چوارچێوەی قەرزیی ناوخۆیی.
بەپێی داتاكانی بانكی ناوەندی، 87%ی بارستەی دراوی عێراق، كە دەكاتە 95 تریلیۆن دینارە، لە كۆی 109 تریلیۆن دینار، لە دەرەوەی بانكەكانە، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە كێشەی كەمیی سیولەی وشكەپارە لە بانكە حكوومەتییەكان، لەوانەش بانكی رافیدێن، بووەتە هۆی بێتوانایی بانكەكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشە و بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچە.