رێكخراوە ئیسلامییەكان بۆ غەزە هەڵمەتی هاوكارییان هەبوو و بۆ چەمچەماڵ نا

:: PM:01:29:11/12/2025 ‌
هاووڵاتییانی هەرێم رەخنە لە رێكخراو و دەزگا خێرخوازییە ئیسلامییەكان دەگرن، بۆچی بۆ غەزە هاوكاریان كۆ دەكردەوە و بۆ چەمچەماڵ هیچ دەنگیان نییە، لە بەرانبەردا حاجی كاروان رای گەیاند، كەس بۆ چەمچەماڵ یارمەتیی نادات.

لە دوای لافاوەكەی چەمچەماڵ و پێویستی خەڵكی ناوچەكە بەهاوكاریی خێرا و بەدەمەوەچوونی رێكخراوە مرۆییەكان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكرێت بۆچی دەزگا خێرخوازییە ئیسلامییەكانی كوردستان بۆ غەزە هاوكار بوون، بەڵام بۆ چەمچەماڵ و شۆڕش بێدەنگن.

ئەم رەخنانەی هاووڵاتییان بۆ جۆرێك بەربڵاو بوون، حاجی كاروانیان هێنایە دەنگ و بەمیدیای حزبەكەی گوت، بۆ چەمچەماڵ تا ئێستە كەس هاوكاریی نەداوە.

حاجی كاروان رای گەیاند، ئێمە بەردەوام لەگەڵ قەیرانەكان بووین، بەڵام لەم قەیرانەدا بە ڕاشكاوی بیڵێم، تا شەوی ڕابردوو هیچ كەسێك ئامادە نەبوو هاوكاریی لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ بكات، تەنانەت 1% هاوكاری نەبوو. 

ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی هاووڵاتییان خراپە و توانایان نییە هاوكاری بكەن.

لەمبارەیەوە سەردار حەمەدەمین بۆی نووسیوە، خۆ پێش چەند مانگێكیش هەر ئەو خەڵكە بوو كە حاجی كاروان داوای لێ دەكردن یارمەتیی غەزە بدەن، بەچەندان رێگە قەناعەتی بەخەڵكی شارەكانی كوردستان دەكرد كە چییان هەیە بۆ غەزەی بنێرن.

باسی لەوەش كردووە، ئەم هەڵمەتەی حاجی كاروان و رێكخراوە ئیسلامییەكانی تر، بووە هۆی ئەوەی بە ملیۆنان دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری بۆ خەڵكی غەزە بچێت، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە ئەم دەزگا و رێكخراوانە، لەم دوو رۆژەدا بێدەنگن.

رێكخراوەكەی حاجی كاروان ئەمڕۆ بەیانی رای گەیاند، كاروانێكی یارمەتی بۆ چەمچەماڵ بەڕێ كردووە.
ئەوە لەكاتێدایە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی  زیانی لافاوە سنووری چەمچەماڵ رای گەیاند، دوو  هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارەكانیش 12 كەسە و زیاتر لە 500 ماڵ و 100 دووكان زەرەرمەند بوون. 




وشە - سۆران عەزیز