وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی سنووری چەمچەماڵ خەرج كرا.
دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەكەی چەند رۆژی پێشووی چەمچەماڵ، زیانێكی زۆری بە قوتابخانەكانی سنوورەكە گەیاند، وەزیری پەروەردە چووە چەمچەماڵ و لەوێوە رای گەیاند، هەموویان نۆژەن دەكرێنەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە، نۆ قوتابخانە لە سنوورەكە زیانیان بەركەوتووە و بەبڕیاری حكوومەتی هەرێم دەست دەكرێت بە نۆژەنكردنەوەیان.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە زیانلێكەوتووەكانی چەمچەماڵ تەرخان كراوە.
بەهۆی لافاوەكەوە تاقیكردنەوەكانی سنووری چەمچەماڵ بۆ مانگی داهاتوو دوا خران. لەمبارەوە وەزیری پەروەردە ئاشكرای دەكات، هەركات پێویست بوو بەڕێوەبەرانی پەروەردەی سنوورەكە دەتوانن دەوام دەست پێ بكەنەوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا كە ئەو پارەیەی سەرۆكی حكوومەت بڕیاری لێ داوە، دەخرێتە بەردەست پەروەردەی سلێمانی، ئەوان خەرجی دەكەن و سەرپەرشتیی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان دەكەن.
باسی لەوەش كرد، ئامانجی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە پرۆسەی پەروەردە لە سنوورەكە پەكی نەكەوێت و بەزووترین كات ئەو زیانانە پڕ بكرێنەوە و قوتابخانەكان بكرێنەوە.