وریایی لە دەستكاریكردنی مووچە و نرخی دۆلار دەدرێت

:: PM:08:12:13/12/2025 ‌

ساڵی 2025 بۆ عێراق یەكێك بوو لە ساڵە سەختە داراییەكان، نەیتوانی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، جیا لە مووچە هیچ خەرجییەك نەبوو، كەچی كورتهێنان و قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی هەبوو، شارەزایان پێیان وایە ساڵی 2026 باشتر نابێت و رەنگە بەهۆی كەمیی سیولە لە بانكەكان كێشە بۆ مووچەش دروست ببێت، بۆیە دەبێت هەر حكوومەتێكی نوێ پەنا بۆ چەند رێوشوێنێك ببات كە رەنگە لەسەر هاووڵاتییان قورس بكەوێت.

پێشتر باسی ئەوە كرا كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی نالەباری دارایی، ئەگەری زۆرە حكوومەتی نوێی عێراق دوای دامەزراندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرز بكاتەوە، ئەگەریش هەیە دەستكاری مووچە بكات، بە كەمكردنەوەی یان زیادكردنی ماوەی خەرجكردنی، ئەحمەد تەمیمی شارەزای دارایی و ئابووری وریایی لە كاریگەریی مەترسیداریی كۆمەڵایەتیی و ئابووری پەنابردنی حكوومەت بۆ ئەو رێوشوێنانە دەدات.

روونی كردەوە، هەر رێوشوێنێكی لەو جۆرە ئەگەر بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی داراییش بێت، نابێتە چارەسەرێكی راستەقینە، بەڵكو ئەنجامی نەرێنی پێوەندیدار بە سەقامگیریی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەبێت، دەستبردن بۆ داهاتی هاووڵاتییان وەك یەكەم بژارە بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی دارایی، شكستهێنانە لە ئیدارەدانی سەرچاوە گشتییەكان، داتەپینی ئابووری قووڵتر دەكات و تێكڕای هەژاری و بێكاری زیاتر دەكات، جیا لە كەمبوونەوەی توانای كڕینی توێژێكی گەورەی كۆمەڵگە.

تەمیمی دووپاتی كردەوە كە كەمكردنەوەی مووچە یان بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان دەبێت، بەتایبەتی سەرەكییەكان، ئەوەش بارگرانی ژیان لەسەر شانی هاووڵاتییان قورستر دەكات و بە نەرێنی كار لە سەقامگیریی گشتی دەكات، بۆیە شەقامگیری دارایی و مووچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە و هەر دەستبردنێك بۆیان، لەسەر ئاستەكانی نزیك و دوور باج و كاریگەرییەكەی زۆر لە هەر تەنگژەیەكی گریمانكراوی دارایی زیاترە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل