عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا و ساڵانە بودجەیەكی زەبەلاحی هەیە، كەچی تەنیا مووچەی لێ دابەش دەكرێت و دیارە، شارەزایان دەڵێن جیا لەوەی داهاتی نانەوتیی عێراق دیار نییە، داهاتی نەوتیشی وەك پێویست و بە حیساباتی ورد ناگاتە گەنجینەی دەوڵەت، بەپێی داتای ناوەندێكی پۆلێنكاریی دنیایی، عێراق لە پلەی شەشەم دێت لە دەوڵەمەندیی داهات و بەشی هەر تاكێك لە داهاتەكەی 340 هەزار دۆلارە.
بەپێی داتای
" Visual Capitalist"، كە پۆلێنی وڵاتانی بەپێی بڕی داهاتی سروشتیی هەر تاكێك كردووە، عێراق لە پلەی شەشەمی دنیا دێت لە لیستی دەوڵەمەندانی دنیا لە رووی داهاتەوە، كاتێك بڕی داهاتی هەر تاكێكی عێراقی 340 هەزار دۆلارە، ئەوەش بە خەمڵاندنی بەهای سەرچاوە سروشتییەكانی بە 16 تریلیۆن دۆلار و ژمارەی دانیشتووانی بە 47 ملیۆن كەس.
ئەو پۆلێنە باسی داهاتی كردەنی تاكەكان ناكات، واتە ئەوەی دەستیان دەكەوێت، هەروەها باسی ئەو بڕە پارەیەش ناكات كە لە گەنجینەی دەوڵەت ئامادەیە، بەڵكو باسی بەهای خەمڵێنراوی بەشی هەر تاكێك دەكات لە سەرچاوەی سروشتیی وڵات بە بەراوردكردنی قەبارەی سامانە سروشتییەكەی بە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكە، واتە پێوانەی قەبارەی توانا خەمڵێنراوەكان دەكات، قەبارەی سامانی وڵات لەسەر زەوی و ژێر زەوی و بەشی هەر تاكێك چەند دەبێت ئەگەر سامانەكە بە تیۆری بەسەر دانیشتووان دابەش كرا.
لە لیستەكەدا سعوودیە لە پلەی یەكەم دێت و بەشی هەر تاكێكی ئەو وڵاتە لە سامانی وڵاتەكە 984 هەزار دۆلارە، ئینجا كەنەدا 822 هەزار و ئوسترالیا 727 هەزار دۆلار، دواتر رووسیا و ڤەنزویڵا و عێراق و ئێران و ئەمەریكا و بەرازیل و چین.