داهاتی ئەم هەفتەی حكوومەت لە سلێمانی 11 ملیارە و هی یەكێتی 33 ملیارە

:: PM:02:17:14/12/2025 ‌
داهاتی سلێمانی بەپێی سایتی شەفافیەت كە یەكێتی دروستی كردووە بۆ سپیكردنەوەی ئەو پارانەی لە خەڵكی دەدزن، لە هەفتەی ڕابردوودا 11 ملیار دینار بووە، بەڵام هەر لەو داهاتە كە ڕاستییەكەی 44 ملیار دینارە، ئیدارەی گشتیی ئەو حزبە 33 ملیاری بۆ خۆی دەبات و یەك لەسەر چواری دەداتە حكوومەت، كەچی بە خەڵكیش دەڵێن حكوومەت خزمەتی نەكردووە. 

ماوەیەكە راگەیاندنی یەكێتی باس لەوە دەكەن كە حكوومەتی هەرێم، جیاوازیی لە تەرخانكردنی پارە بۆ سنووری سلێمانی و هەولێر دەكات، دەڵێن: پڕۆژەكانی هەولێر بەردەوامن و پڕۆژەی سلێمانیش وەستاون.

بەپێی بەدواداچوونێكی دەزگای میدیای "وشە"، هەموو ئەوەی لە سنووری هەولێر و دهۆك جێبەجێ دەكرێن، لەسەر داهاتی ناوخۆی ئەو دوو شارەیە و لە سلێمانی  كەمترین داهات بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، تا وەك  هەولێر و دهۆك بخرێتە خزمەتی پڕۆژەكانی ئەو سنوورەوە.

ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داهاتی یەك هەفتەی مانگی 12ی بڵاو كردووەتەوە، بڕی 10 ملیار و 573 ملیۆن و 171 هەزار و 779 دینارە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەوە جگە لەوەی كەمتەرخەمی زۆر لە كۆكردنەوەی داهات لەو سنوورەدا هەیە، هاوكات بەشی زۆری ئەو داهاتەش ناچێتە خەزێنەی حكوومەت و بۆ ئیدارەی گشتیی یەكێتی تەرخان دەكرێت.

"وشە" زانیویەتی داهاتی سلێمانی بۆ حكوومەت لە هەفتەیەكدا زیاتر لە 30 ملیارە، بەڵام یەكێتی تەنیا 10 ملیاری بۆ حكوومەتی هەرێم دەگێڕێتەوە.

لەمبارەیەوە بڵێسە ئیسماعیل شاوێس نووسیویەتی، ئەوەی كە لە چەمچەماڵ پڕۆژە ناكرێت و لە زاخۆ پڕۆژە هەیە یان نەسریەی شارەوانی چەمچەماڵ هەشت یان چوار ملیۆن دینارە و هی شارەوانی زاخۆ 400 ملیۆنە، پێوەندیی بەوەوە هەیە كە پارەی زاخۆ و چەمچەماڵ چۆن كۆ دەكرێتەوە.

بڵێسە دەڵێت: چ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و چ نەسریە، تێچووەكەیان لە داهاتی ناوخۆیی دەدرێت. زۆرینەی داهاتی ناوخۆیی پێوەستە بە داهاتی دەروازە سنوورییەكان، كەمێكیشی پێوەستە بە باج و رسوومات و پێبژاردن. لە كوردستان چوار دەروازەی سەرەكی هەن، ئەوانیش "ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان".

باسی لەوەش كردووە، داهاتی ئیبراهیم خەلیل مانگانە 40 بۆ 50 ملیار دینارە، هی حاجی ئۆمەرانیش دەگاتە نزیكەی 20 ملیار، لە كاتێكدا پێشتر داهاتی حاجی ئۆمەران نیوەی ئەو ژمارەیە بووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" لە مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ لە یەكی پێنجی 2025وە تا 30ی 6ی 2025، هەزار و 746 بار بە نافەرمی هێنراون، پێكهاتوون لە "كەرەستەی كارەبایی، جگەر، دووگ، گۆشت، مریشك، سنگی مریشك، جبس، نەستەلە، كەرەستەی جوانكاری، توتنی نێرگەلە، قاپ، عەلەف، ئۆتۆمبێل، ئارد، دانەوێڵە، پرۆتین و كەرەستەی كیمیایی"، بە رێگەی تایبەت لەو مەرزانەوە دەهێنرێن، كۆی داهاتی ئەو بارانە بریتییە لە 25 ملیار و 733 ملیۆن و 884 هەزار دینار، لە مانگی حەوتی هەمان ساڵ كۆی گشتیی داهاتەكە دەكاتە بڕی  10 ملیار و 993 ملیۆن دینار بووە.

بەدواداچوونەكان دەریدەخەن لە مەرزی نێودەوڵەتیی (باشماخ)، (ئیدارەی گشتیی یەكێتی) سۆنەرێكیان داناوە پێوەندیی بە (حكوومەتی هەرێمی كوردستان)ـەوە نییە و داهاتەكەی بۆ خۆیانە، بۆ پشكنینی هەر بارهەڵگرێك بڕی (٤٧$) دۆلار وەردەگرن، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەو پڕۆژانە هێڵی نایاسایی كراوەیە و بارهەڵگر پێیدا دێنە ناو (هەرێمی كوردستان)، 

لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لە ماوەی نێوان یەكی ئایاری 2025 تا 30ی حوزەیرانی 2025، ژمارەیەكی زۆر بار بە ناوی "باری تەنسیق" داخل كراون كە هیچ بەڵگەنامەیەكی فەرمییان نییە. كۆی ژمارەی ئەم بارانە گەیشتووەتە هەزار و 746 بار. كۆی داهاتی ئەم بارە نایاساییانە لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە 25 ملیار و 733 ملیۆن و 884 هەزار دینار. 

هەروەها لە مانگی تەمووزی 2025 كۆی گشتیی ئەو پارەیەی كە لە ئەنجامی داخلكردنی 896 باری تایبەت كە بە "تەنسیق" ناو دەبرێن بەدەست هێنراوە، گەیشتووەتە 10 ملیار و 993 ملیۆن و 790 هەزار.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" گوندی سیاگوێزی سەربە شارەدێی گەرمك لە پێنجوێن، كە نزیكەی 30 خولەك لە ناوەندی شارۆچكەی پێنجوێنەوە دوورە، بووەتە چالاكترین ڕێگەی نایاسایی بۆ قاچاخچێتی و كۆڵبەری لە سنوورەكەدا. ئەم گوندە نزیكە لە گوندی چەمپاراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

"وشە" زانیویەتی شەوانە كاڵایەكی زۆر بە نایاسایی هاوردە دەكرێن و دواتر بە شارباژێڕدا داخلی شاری سلێمانی دەكرێن. نزیكەی 100 بۆ 150 كەس شەوانە لەم ڕێگەیەدا كار دەكەن. هەر كاڵایەك گومرگی زۆر بێت یان ڕێگەی فەرمی بۆ هاوردەكردنی نەبێت، لەم ڕێگەیەوە داخل بە هەرێمی كوردستان دەكرێت. ئەو كاڵایانەش بریتین لە كحوول، جگەرە، مۆبایلی دەستی دوو.



وشە - وشه‌