هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕی بۆرسه كرایه‌وه و له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌و بازاڕه‌ش وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، نرخی زێڕ به‌رز بووه‌وه.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو، چوار هه‌زار و 180 دۆلار بوو و له كۆتایی هه‌فته‌كه‌دا به چوار هه‌زار و 300 دۆلار داخرابوو، ئێسته‌یش كه چه‌ند سه‌عاتێكه بازاڕه‌كه كراوه‌ته‌وه، هه‌ر ئۆنسێكی به چوار هه‌زار و 345 دۆلار ده‌فرۆشرێت.
ئه‌و نرخه به به‌رزترین نرخی زێڕ له‌وه‌ته‌ی 25 رۆژی رابردوو هه‌ژمار ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ نرخی ژماره‌ی پێوانه‌یی 35 دۆلار جیاوازی هه‌یه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌ر له ساڵی نوێ، ئه‌و جیاوازییه‌ش ببڕێت و ژماره‌ی پێوانه‌یی نوێ تۆمار بكات.
بازاڕی زێڕ له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌گه‌ری زیاتری دابه‌زاندنی رێژه‌ی سوودی بانكی له‌لایه‌ن رێزێرڤ فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه خێراتر رووی له گه‌شانه‌وه كردووه، كاتێك رێژه‌ی سوود بۆ جاری سێیه‌م له‌مساڵدا دابه‌زێنرا، نرخی زێڕیش زیاتر به‌رز بووه‌وه و له هه‌رسێ رۆژی كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه، به ره‌نگی سه‌وز داخرا.
نرخی زێڕ له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا 20ی مانگی رابردوو، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو و چه‌ندان جار ژماره‌ی پێوانه‌یی له مێژووی ئه‌و كانزایه‌دا شكێنرا. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، هه‌ر ئه‌و رۆژه بووه كه هه‌ر ئۆنسێكی گه‌یشته چوار هه‌زار و 381 دۆلار. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه زێڕ 65% گرانتر بووه.
جگه له دابه‌زینی رێژه‌ی سوودی بانكی، پرسی درێژه‌كێشانی جه‌نگی ئۆكراینا و بارگرژییه‌كانی نێوان چین و تایوان و ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڤه‌نزوێلا، له هه‌مووان گرنگتر نزیكبوونه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ، هۆكارگه‌لێكن كه بوونه‌ته هۆی زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ.
دابه‌زینی به‌های دۆلاریش له‌م رۆژانه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ هه‌بووه. چاوه‌كان له‌سه‌ر راپۆرتی كاری ئه‌مه‌ریكان كه بڕیاره به‌ر له ساڵی نوێ بڵاو بكرێته‌وه و ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه، به‌رپرسانی بانكیی ئه‌مه‌ریكا له سیاسه‌ته‌كانی داهاتوویان بۆ رێژه‌ی سوودی بانكی و هه‌وڵاوسان كراوه‌تر ده‌كات.
به‌گشتی ناوه‌نده ئابووری و داراییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی باس له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده باس له دابه‌زینی ناكه‌ن.
پێشتر لێكۆڵه‌رانی بازاڕی زێڕ پێشبینی ئه‌وه‌یان كردووه، ئه‌گه‌ر جارێكی تر رێژه‌ی سوودی بانكی دابه‌زێنرێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه دیسان زێڕ له نرخدا ژماره‌ی پێوانه‌یی بشكێنێت.
لێكۆڵه‌ڕه‌وانی گۆڵدمه‌ن ساكس رایان گه‌یاندووه، نرخی زێڕ روو له هه‌ڵكشان ده‌كاته‌وه، نرخی زێڕ تا كۆتایی 2026 ده‌گاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار و له‌چاو نرخی ئێسته‌ی 21% به‌رز ده‌بێته‌وه. پاساوی سه‌ره‌كیی گۆڵدمه‌ن ساكس و زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و چاودێرانی بازاڕی زێڕ ئه‌وه‌یه، داخوازی بۆ كڕینی زێڕ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن بانكه ناوه‌ندییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ره تایبه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ داده‌نرێت.
بانكی وه‌به‌رهێنانی سویسرایی، دواین پێشبینی خۆی له‌باره‌ی ئاسۆی بازاڕی زێڕ راگه‌یاندووه و گوتوویه‌تی، نرخی هه‌ر ئۆنسێكی ده‌گاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار.
دامه‌زراوه‌ی ''یوو بی ئێس''یش، پێشبینییه‌كه‌ی پێشتری له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ بۆ ساڵی 2026 له چوار هه‌زار 200 دۆلاره‌وه بۆ چوار هه‌زار و 500 دۆلار به‌رز كردووه‌ته‌وه.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 869 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 746 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 992 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 141 هه‌زار و 950 دینار ده‌ستنیشان كراوه. زێڕنگری ئازورا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م نرخانه‌ی ئۆنسێك زێڕی به چوار هه‌زار و 344 دۆلار كردووه‌ته بنه‌ما.