وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پێشبینی دەكەین ئەمڕۆ و سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. گوتی، ئەمڕۆ بڕیارەكە بدرێ 120 ملیارەكە دەنێرین.
وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم، چاوەڕێیە بەغدا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەفەرمی بدات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، ئێمەش پێش ناردنی پارەكە 120 ملیارەكە دەنێرین.
باسی لەوەش كرد، 120 ملیارەكە ئامادەیە و تەنیا بریاری ناردنی ماوە، ئەوەشی گوت، وەزارەتی دارایی هەموو مانگێك بەرلە هەر پێداویستییەكی تر، 120 ملیارەكە ئامادە دەكات و بۆ ئەم مانگە و ئەوانی تریش ئامادەیە.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوێنێ دووشەم كۆبوونەوەیەكی نائاسایی كرد و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، یەكێكیان تایبەت بوو بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان و یەكخستنی خشتەی مووچە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنەكە كۆ بووەتەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە كە تایبەت بوو بە "زیادكردنی داهاتەكان"، تێیدا سوودانی ئەو لیژنە وەزارییەی راسپارد كە بە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێكهاتووە، پێداچوونەوە بكەن بە شێوازی هەژماركردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، دەبێت پێداچوونەوە بەو داهاتانەدا بكرێت كە ئێستە بە "بڕێكی دیاریكراو" دەخرێنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەو پرۆسەیەش دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.
كۆبوونەوەكە لەسەر داوای پێشتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە رای گەیاندبوو، ئەوان ناتوانن هەموو مانگێك 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بدەن و پێویستە ئەو بڕە كەم بكرێتەوە.
بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 17ـی تەمووزی 2025 دەرچووە؛ بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە 120 ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، وەك مەرجێك دیاری كراوە بۆ رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
لە چوارچێوەی رێكارەكانی كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەنجوومەنەكە دەرماڵە و مووچەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی تاوتوێ كرد و سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، بەپەلە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، كار بۆ یەكسانكردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی كۆمار و پەرلەمان بكرێت لەگەڵ فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
هاوكات سوودانی لیژنەیەكی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد، بۆ نوێكردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە "یەكخستنی خشتەی مووچە" بۆ هەموو فەرمانبەران و وەرگرتنی راسپاردەكان لەوبارەیەوە.