له‌ دوێنێوه‌ زیو 100 دۆلاری تر گران بووه‌

:: AM:10:15:17/12/2025 ‌
وه‌ك پێشبینی كرابوو به‌های زیو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، ته‌نیا له‌ 24 سه‌عاتی رابردوودا 100 دۆلار هاتووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ر كیلۆگرامێك زیو. ئه‌و كانزایه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا 500 دۆلار گرانتر بووه‌.

به‌گوێره‌ی پێنوێنی جیهانی، نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ی كانوونی یه‌كه‌م گه‌یشته‌ 66 دۆلار كه‌ كیلۆیه‌كی ده‌كاته‌ دوو هه‌زار و 130 دۆلار.  

ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا 500 دۆلار هاتووه‌ته‌ سه‌ر  هه‌ر كیلۆگرامێك زیو و بووه‌ته‌ كانزایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراو، كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی داخوازیی كانزاكه‌ بۆ بواری پیشه‌سازی، نرخه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌.

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زاینی هه‌ر كیلۆگرامێك زیو نرخه‌كه‌ی 932 دۆلار بوو، كه‌چی ئێسته‌ دوو هه‌زار و 130 دۆلاره‌ و هه‌زار و 200 دۆلار گرانتر بووه‌، به‌و پێیه‌ نزیكه‌ی 129% به‌هاكه‌ی گرانتر بووه‌.

به‌ واتایه‌كی تر هه‌ر كه‌سێك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بایی 10 هه‌زار دۆلار زیوی كڕیبێت، ئێسته‌ زیوه‌كه‌ی 22  هه‌زار و 900 دۆلار ده‌كات و سه‌رمایه‌كه‌ی زۆر زیاتر له‌ دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌.

نرخی زیو به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌یلوولی 2022ه‌وه‌ رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌، هه‌موو مانگێك كه‌مێك له‌ نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشاوه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كانزایه‌ك كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری زیاتر روو له‌ كڕینی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وێڕای پاراستنی سه‌رمایه‌كانیان، قازانجێكیش ده‌ست بخه‌ن.

زیو جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كانزایه‌كه‌ هاوشێوه‌ی زێڕ له‌ناو ناچێت و متمانه‌پێكراوه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ پیشه‌سازی سوودێكی زۆری لێ وه‌رده‌گیرێت و كه‌رتی پیشه‌سازیی دنیا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌، زۆر زیاتر له‌ پێشتر ئه‌و كانزایه‌ به‌كار ده‌هێنێت و له‌ به‌رهه‌مهێنانی كه‌ره‌سته‌ جیاوازه‌كاندا سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.
زیو كانزایه‌كه‌ كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زیاتر له‌ پیشه‌سازیی كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی خۆر سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌شێك له‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانیش هه‌ر له‌ زیو به‌رهه‌م ده‌هێنرێن. به‌گشتی ئه‌و داخوازییه‌ی له‌ ئاستی دنیا بۆ كڕین و به‌كاربردنی زیو هه‌یه‌، له‌چاو ئه‌و بڕه‌ زیوه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، زۆر زیاتره‌، بۆیه‌ ئاوا به‌ خێرایی نرخه‌كه‌ی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌. 

قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیو له‌ دنیادا له‌ ساڵی 2014 و تا ئێسته‌، هه‌موو ساڵێك له‌ نێوان 27 هه‌زار تۆن تا 29 هه‌زار تۆن بووه‌، به‌رهه‌مهێنانی ساڵانه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ زیاد نه‌بووه‌، كه‌چی به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتن له‌و كانزایه‌ زۆر به‌ خێرایی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ به‌ گرنگترین فاكته‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی داده‌نرێت.

شرۆڤه‌كارانی دامه‌زراوه‌ی BeatMarket پێشبینییان كردبوو نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو تا ساڵی 2030، له‌ نێوان 55 تا 60 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت، له‌ خراپترین دۆخیدا تا 37 دۆلار دا‌به‌زێت و له‌ باشترین پێشبینیشدا تا 80 دۆلار به‌رز ببێته‌وه‌، نرخه‌كه‌ زۆر زووتر له‌ كاتی دیاریكراو به‌دی هاتووه‌، بۆیه‌ش پسپۆڕان و شاره‌زایانی ئابووری پێیان وایه‌ زیو كانزایه‌كه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ ریسكی بۆ بكرێت.

جگه‌ له‌مه‌ دامه‌زراوه‌ی Coin price Forecast  پێشبینیی كردبوو، نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2030، بگاته‌ 69 دۆلار و تا كۆتایی ساڵه‌كه‌ بگاته‌ 79 دۆلار، ده‌بینرێ ئه‌و پێشبینییه‌ خه‌ریكه‌ پێنج ساڵ زووتر به‌دی دێت.



وشە - سلێمان تاشان