25 هەزار زیندانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوەن، بۆ ئەوەی مووچەكەیان هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی عێراق بێت، رێككەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، جاسم جەبار زیندانی سیاسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ ساڵی نوێ رێككەوتن كراوە كە مووچەی ئێمە هاوشێوەی عێراقی لێ بكرێت.
زیاتر گوتی، گفتوگۆیەكی زۆر لە نێوان شاندی زیندانییە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە تا گەیشتوونەتە ئەنجامێك.
هاوكات ئەحمەد رەسووڵ بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی كاروباری زیندانییانی سیاسی ئاشكرای كرد، پاش هەوڵێكی زۆر، رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە كە دۆسیەی زیندانییانی سیاسی، بگوازرێتەوە سەر بەغدا و مووچەكانیان هاوشێوەی عێراقی لێ بكرێت، لە 500 هەزارەوە بكرێتە یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار.
زیاتر گوتی، ناوی 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی هەیە، بڕیارە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی دارایی لە عێراق، سەرجەم زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی عێراق مانگانە یەك ملیۆن 200 هەزار دینار وەربگرن.