هه‌فته‌یه‌كی تر له بازاڕی بۆرسه داخرا و نرخی ئه‌و كانزا زه‌رده بۆ دووه‌م هه‌فته‌ی له‌دوای یه‌ك، هه‌ڵكشا و پێشبینی ده‌كرێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا جارێكی تر ژماره‌ی پێوانه‌یی بشكێنێت.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به چوار هه‌زار و 338 دۆلار داخراوه و له‌گه‌ڵ نرخی ژماره‌ی پێوانه‌یی كه رێك دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر تۆماری كردبوو، 43 دۆلار جیاوازی هه‌یه.
نرخی زێڕ له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا 20ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو و چه‌ندان جار ژماره‌ی پێوانه‌یی له مێژووی ئه‌و كانزایه‌دا شكێنرا. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، هه‌ر ئه‌و رۆژه بووه كه هه‌ر ئۆنسێكی گه‌یشته چوار هه‌زار و 381 دۆلار. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه زێڕ 65% گرانتر بووه.
له‌و كاته‌وه نۆ هه‌فته‌بازاری بۆرسه كراوه‌ته‌وه و داخراوه و له پێنج هه‌فته‌یاندا، نرخی زێڕ دابه‌زیوه و له چواریاندا به‌رز بووه‌ته‌وه كه دووانیان ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ی رابردوون.
پێویسته بگوترێ ئه‌مساڵ بۆ جاری سێیه‌م بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، سوودی بانكی دابه‌زاند و ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ داده‌نرێت.
جگه له دابه‌زینی رێژه‌ی سوودی بانكی، پرسی درێژه‌كێشانی جه‌نگی ئۆكراینا و بارگرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڤه‌نزوێلا به گرنگترین هۆكاری هه‌ڵكشانی نرخی زێڕ داده‌نرێت.
له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا دابه‌زینی به‌های دۆلاریش له‌م رۆژانه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ هه‌بووه.
به‌گشتی ناوه‌نده ئابووری و داراییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی باس له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده باس له دابه‌زینی ناكه‌ن و پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه مانگی داهاتووش ئه‌مه‌ریكا رێژه‌ی سوودی بانكی كه‌م بكاته‌وه.
گۆڵدمه‌ن ساكس پێشبینی كردووه نرخی زێڕ تا كۆتایی 2026 بگاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار. پاساوی سه‌ره‌كیی گۆڵدمه‌ن ساكس و زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و چاودێرانی بازاڕی زێڕ ئه‌وه‌یه، داخوازی بۆ كڕینی زێڕ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن بانكه ناوه‌ندییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ره تایبه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ داده‌نرێت.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 864 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 739 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 987 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 141 هه‌زار و 800 دینار ده‌ستنیشان كراوه. زێڕنگری ئازورا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م نرخانه‌ی، ئۆنسێك زێڕی به چوار هه‌زار و 339 دۆلار كردووه‌ته بنه‌ما.