پەرلەمانتارێكی پێشوو: حكوومەتی نوێی عێراق قەرزێكی زۆری لە ئەستۆ دەبێت

:: PM:04:43:20/12/2025 ‌


حكوومەتی سوودانی چوار ساڵی سەختی بەڕێ كرد، بەتایبەتی ساڵی 2025 پڕ لە تەنگژەی دارایی و و كورتهێنان و قەرز بوو تا ئاستێك لەو ساڵە بوجە رەوانە پەرلەمان نەكرا، پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی عێراق باسی قەبارەی قەرزەكان دەكات كە دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی نوێ.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق پەسند كرا، 29ی ئەم مانگە وەك وادەی یەكەم دانیشتن و دیاریكردتی سەرۆكایەتییەكان و دوای ئەوە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دیاری كرا، شارەزایان پێیان وایە لە سایەی ئەو هەموو كێشە ناوخۆی و دەرەكی و جیاوازەی هەیە زەحمەتە بەمنزیكانە حكوومەت پێك بێت.

موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پێنجەم خولی پەرلەمانی عێراق گوتی، قەبارەی قەرزی ناوخۆیی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق كە لە بانكەكانی وەرگرتووە 90 تریلیۆن دینارە، كە دەبێت ئەوە چارەسەر بكرێت و چیتر قەرز لە یبانكە حكوومەتییەكان نەكرێت، هەرچی قەرزی دەرەكییە گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئێستەش هیچ نیازێك نییە قەرز لە وڵاتان بكرێت و تەنیا ئەگەری قەرزكردن لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەكانی گەشەسەندن و ژێرخان و ئاوەڕۆ هەیە.

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق ساڵانە پێویستی بە 125 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە گشتییەكان، جیا لە 25 تریلیۆن دیناری تر وەك شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و تەواوكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خەرجی وەزارەت و پارێزگاكان.

كازمی دووپاتی كردەوە، داتاكانی بانكی ناوەندی دەریان خست كە قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی 2025 بۆ زیاتر لە 90.6 تریلیۆن دینار زیادی كردووە، ئەوەش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی حەواڵەی گەنجینە كە بۆ بەرژەوەندیی بانكی ناوەندی بڕدراوە، لە بەرانبەر قەرزی دامەزراوە داراییەكان و كەمبوونەوەی قەرزەكانی وەزارەتی دارایی لەو ماوەیەدا.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل