دامەزراوەی عێراقی ئایندە: لە داهاتوودا حكوومەت پارەی نابێت مانگانە مووچە بدات

:: PM:02:10:21/12/2025 ‌
سەرۆكی دامەزراوەی "عێراقی ئایندە"، هۆشداریی دەدات كە داهاتە نانەوتییەكان ناتوانن جێگەی نەوت بگرنەوە و عێراق تووشی كێشەی نەختینە بووە، داهاتوو دەردەكەوێت كە لە چ تەنگژەیەكی داراییداین.

مەنار عوبەیدی سەرۆكی دامەزراوەی "عێراقی ئایندە"، ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی حكوومەت دەگرێت كە دەڵێن: پارە بەردەستە و قەیرانی نەختینە گەورە نییە و ئەگەر مووچەی پلە تایبەتەكان كەم بكەینەوە، چارەسەر دەبێت.

مەنار رای گەیاند، ئەم قسانەی بەرپرسان خۆدزینەوەیە لە قەیرانێكی ریشەیی كە لە داهاتوودا توند یەخەی دارایی عێراق دەگرێت، ئێستەش كێشەكانی وەردەركەوتوون.

 ئەم قسانەی بە "گوتارێكی سۆزداری" ناو برد كە پشت بە ژمارە نابەستێت، ئامانج لێی یاریكردنە بە هەستی هاووڵاتییان و سڕكردنیان، نەك ڕاستگۆیی لەگەڵیان.

سەرۆكی دامەزراوەی عێراقی ئایندە ئاشكرای كرد، داهاتە نانەوتییەكان هەرچەندە زیاد بكەن، نابنە جێگرەوەی نەوت. بە گوتەی ئەو: "لە باشترین دۆخدا ناتوانن زیاتر لە 10% بۆ 15%ی پێداویستییە گشتییەكانی دەوڵەت دابین بكەن". دووپاتیشی كردەوە كە ئێستە عێراق هیچ سەرچاوەیەكی نییە بتوانێت شوێنی نەوت بگرێتەوە.

لەبارەی ئەو بانگەشانەی باس لە دەوڵەمەندكردنی عێراق دەكەن بەهۆی كانزاكانەوە، عوبەیدی بە ژمارە وەڵامی دایەوە: "هەموو ئەوانەی لەبارەی گۆگرد، فۆسفات و سیلیكا دەگوترێن، تەنانەت ئەگەر وەك كەرەستەی خاویش بفرۆشرێن، داهاتەكەیان لە ساڵێكدا لە 300 بۆ 500 ملیۆن دۆلار تێناپەڕێت".

ئەو شارەزا ئابوورییە ڕای گەیاند، خەرجییەكانی ئێستەی دەوڵەت دابین ناكرێن، مەگەر دۆسیەی مووچە بەشێوەیەكی ڕیشەیی و ڕاستەقینە چارەسەر بكرێت، نەك بە چارەسەری كاتی. نەخشەڕێگەی چارەسەرەكەشی لە چوار خاڵدا خستەڕوو:

كەمكردنەوەی خەرجییەكان. مامەڵەكردنی بوێرانە لەگەڵ دۆسیەی مووچە. پشتگیریكردنی ڕاستەقینەی كەرتی تایبەت. گێڕانەوەی هاوسەنگیی بازرگانی بەبێ پشتبەستن بە داهاتی نەوت.

مەنار عوبەیدی گوتی: ئەو قسانەی دەڵێن پارە هەیە، یاریكردنە بە هەستی هاووڵاتییان و پارە لەبەر دەستی حكوومەت كەم بووەتەوە، بەشێوەیەك كە مانگانە توانای نابێت مووچە لە كاتی خۆیدا بدات.




وشە - سۆران عەزیز