دوای ماوەیەكی درێژ، هەرێم بەغدای ناچار كرد لە ناوەراستی ئەمساڵەوە رێككەوتنی نەوت و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی بەرژدی جێبەجێ بكرێت و قەیرانی دارایی هەرێم لەوە زیاتر درێژە نەكێشێت، بۆ ساڵی نوێ هەرێم چاوی لە رێككەوتنی بودجەیە.
پێشتر حكوومەتی عێراق بەهۆی فشارەكانیەوە كێشەی مووچەی هەرێمی بەتەواوی ئاڵۆز كردبوو، بەڵام بەهۆی رێككەوتنی نەوت لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە تا ئاستێكی باش بابەتی مووچە رێك بووەتەوە، ئەگەرچی هێشتا دوو مووچەی فەرانبەرانی هەرێم لای حكوومەتی عێراقە.
بەو هۆیەوە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئاستێك مووچەخۆران 30 ڕۆژ جارێك مووچە وەردەگرن.
هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا، دۆسیەی دارایی نێوانیان لە 2025دا بەجۆرێك لە لێكتێگەیشتنەوە بەڕێ كرد.
ڕێككەوتنی نەوتی و داهاتی نانەوتی، تا ئاستێك حیساباتی مووچەی خستەوە سەر ڕاستە ڕێ، بەڵام هەرێم چاوی لەوەیە و لە ساڵی نوێدا رێككەوتنی نوێ لەسەر بودجە بكرێت و مانگانە بودجەی خۆی لە بەغدا وەربگرێت، ئەگەر ئەمساڵ ئەوە بكرێت، ئیتر كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی چارەسەر دەبن.
لە 2014ـەوە هەولێر و بەغدا، كۆتایی هەموو ساڵێك چارەسەری كێشە داراییەكانیان بۆ ساڵی دواتر بەجێهێشتووە، لە ساڵی نوێشدا هەمان تاس و حەمام بووە، ئەمەش وایكرد خەڵكی كوردستان بارگرانییەكی زۆریان بكەوێتە سەر و كێشەی دارایی لە هەرێم گەورەتر ببن.
لە كابینەی نۆدا توانرا ئەو كێشانەی كە چەندان ساڵ بوو بێ چارەسەر مابوونەوە، بەتەواوی چارەسەر بكرێن و ئێستە متمانەیەك هەیە كە بۆ ساڵی داهاتوو مافە داراییەكانی هەرێم مسۆگەر بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی چاوی لە مادەی 140 و زۆر بابەتی ترە.
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ساڵی نوێ چاومان لەوەیە و كاریشی بۆ دەكەین، كێشەی دارایی هەرێم بەتەواوی چارەسەر ببن و چیتر شتێك بەناوی هات و نەهاتی مووچە نەمێنێت.
گوتیشی كە ساڵی نوێ نەك مووچە، دەبێت بەغدا بودجەی هەرێم بدات كە مانگانە بەمسۆگەری مووچە و پێداویستییەكانی حكوومەت دابین بكات، بەوەش حكوومەتی هەرێم پڕۆژە گرنگەكانی جێبەجێ دەكات و كوردستان بەرەو گەشانەوە و ئاوەدانیی زیاتر دەچێت.