لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی هەولێر، ئامادەكاریی دەستی پێ كردووە بۆ ئەوەی ساڵی نوێ ئەو رێژە زەوییەی دەچێنرێت چەندە و ناوی تەواوی جووتیاران تۆمار بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی یەكەم، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە ئامانجی خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی بەبازاڕكردنی گەنم، لە سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەكاریی دەستی پێ كردووە.
زیاتر گوتی، دووپات لە تۆماركردنی ناوی سەرجەم ئەو جووتیارانە كرایەوە كە دانەوێڵە دەچێنن، بۆیە بە پێویست زانرا ئاگادار بكرێنەوە لە چواری كانوونی دووەمی ساڵی نوێ تا 26ـی شوبات، جووتیاران سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و بەشە كشتوكاڵییەكانی سنووری خۆیان بكەن تا ناویان تۆمار بكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمساڵ رووبەرێكی زیاتری زەوی گەنم و جۆی تێدا چێنرا كە 935 هەزار و 129 دۆنم زەوی بوو. بۆیە بۆ ساڵی 2026 چاوەڕوان دەكرێت رێژەكە زیاتر بێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو وشكەساڵی بوو و بەرهەم كەم بوو.