وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێك لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەردوو راژەی سەربازی و مەدەنی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات و داوایان لێ دەكات خشتە پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی شایستە داراییەكان بۆ 2026 دیار بێت و رەوانەی بەغدا بكرێت.
بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی كە واژووی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی لەسەرە، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ئاگەدار كراونەتەوە بە مەبەستی دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی پلەبەرزكردنەوە لە داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026، خشتەی هاوپێچ پڕ بكەنەوە تا شایستە داراییەكانیان دیار بێت و رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.
لە نووسراوەكە ئاماژە كراوە كە دەبێت تا 20 رۆژ لە بەرواری دەرچوونی ئەم نووسراوە، خشتەكە بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە بكرێت، بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، پێویستە بە هەمان خشتەی هاوپێچ راژەی سەربازی و شارستانی بە خشتەی جیاواز رەوانە بكەن.